بەڤیدیۆ.. لە کاتی گردبوونەوەیەکدا بۆ کاندیدێکی هەڵبژاردنەکانی مەکسیک 55 کەس بوونە قوربانی

پارێزگاری ویلایەتی نویڤۆ لیۆن ڕایگەیاندووە، ڕۆژی چوارشەممە، لە میانی گردبوونەوەیەکدا بۆ کاندیدی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی مەکسیک، خۆرخی ئەلڤارێز ماینز، سەکۆیەک داڕما و بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان سپارد و 50 کەسی دیکەش برینداربوون.

ساموێل گارسیا، پارێزگاری ویلایەتی نویڤۆ لیۆن، لە شوێنی ڕووداوەکە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "ئەو کارەسات بوو ڕوویدا، کە بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان سپارد و نزیکەی 50 کەسیش بریندار بوون، کە برینی هەندێکیان سەختن".

لای خۆیەوە خۆرخی ئەلڤارێز ماینز کاندیدی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی مەکسیک پشتڕاستی کردەوە کە لە گردبوونەوەی هەڵبژاردنەکانیدا لە شارۆچکەی سان پێدرۆ گارکا بریندار نەبووە.

لەسەر پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیویەتی: "من سەلامەتم، لەگەڵ دەسەڵاتداران لەپەیوەندیدا دەبم دەربارەی ڕووداوەکە"، ئاماژەی بەوەشدا، "ئێستا لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە پیشکەشکردنی چاودێری پێویستە بە قوربانیان".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەندامانی تیمەکەی کە برینداربوون بۆ وەرگرتنی چارەسەر گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.

گرتە ڤیدیۆییەکانی ڕووداوەکە کە لەلایەن میدیا ناوخۆییەکانەوە بڵاوکراونەتەوە، دەرکەوت کە شاشەیەکی گەورە لە کاتی چالاکییەکەدا داڕما. بەرپرسی ناوچەکەش ئاماژەی بەوەدا، زریان و بای بەهێز و بارانبارینی بەخوڕ ناوچەکەی گرتووەتەوە،

ماینز تەمەنی 38 ساڵە، کاندیدە بۆ پارتی بزووتنەوەی هاووڵاتیان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی مەکسیک کە بڕیارە لە 2ـی حوزەیران بەڕێوەبچێت، بەڵام چانسی سەرکەوتنی کەمترە لە هەردوو کاندیدەکەی دیکە کلاودیا شینباوم و سوچیل گالڤێز.