گوتەبێژی کۆمیسیۆن: پێویستە وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریی بکرێت

جومانە غەلایی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق
جومانە غەلایی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، تەمەنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ئەوە درێژ کرایەوە، تاکوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات.

ڕۆژی پێنجشەممە (22ـی ئایاری 2024)، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کۆمیسیۆن ئێستا ئامادەیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە ببات، بەڵام بۆ وادەی بەڕێوەبردنی پێویستە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رۆژێکی دیکە دیاریی بکات بەدەر لەو رۆژەی پێشتر دیاری کردبوو.

جومانە غەلای گوتی، کۆمیسیۆن لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێم گفتوگۆ دەکات بۆ ئەوەی وادەیەکی نوێ بۆ هەڵبژاردن دابنێن، ئێستا قۆناغێکی نوێ هاتوەتە پێش، دەشڵێت، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کاریگەرییان هەبوو لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی کوردستان و کورسی پێکهاتەکان.

لەبارەی ئەوانەی کە پێشتر کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆریان هەبوو، جومانە غەلایی گوتی، هەموو ئەوانەی پێشتر پەنجەمۆرییان نەیدەخوێندەوە، دەتوانن بچنە ناوەندەکانی ناوتۆمارکردن و کێشەکانیان چارەسەر بکەن، ئێستا ناوەندەکان کراوەن.

دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان، کە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقە، لە وەڵامی ژمارەیەک سکاڵای پێشکەشکراو لەلایەن پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بڕیاریدا لە 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان، پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکان تەرخان بکرێن. واتا 95 کورسی گشتیی دەبن، پێنج کورسییەکەی دیکەش تایبەت دەبن بە پێکهاتەکان.

ڕۆژی سێشەممە، 21-05-2024، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد. بە گوێرەی دەقی بڕیارەکە کە دوێنێ دووشەممە، 20-05-2024 دەرچووە؛ پێنج کورسییەکەی پێکهاتەکان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش دەکرێن:

1.  هەولێر: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان).

2.  سلێمانی: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان).

3.  دهۆک: یەک کورسی بۆ ئەرمەنەکان

پێشتر دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاردا بوو ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ 100 کورسی کەم بکاتەوە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش، بە بشتبەستن بەو بڕیارە کورسییەکانی بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کورستاندا دابەش کردبوو: هەولێر، 34 کورسی، سلێمانی 38، دهۆک 25 و هەڵەبجەش سێ کورسی.