مەشهەد.. ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی ڕەئیسی بەڕێوە دەچێت
![مەراسیمی بەخاکسپاردنی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئێران](https://d2wqffb2bc8st5.cloudfront.net/images/May-2024/1716473054ertertyryrty.jpg)
K24 – هەولێر:
تەرمی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئێران لە شاری مەشهەد، شوێنی لەدایکبوونی، بەخاک دەسپێردرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (23ـی ئایاری 2024) لەنێو ئاپۆرا و جەماوەری ئێران و نوێنەرانی ژمارەیەکی زۆری وڵاتان کە شاندی باڵای هەرێمی کوردستانیشی تێدایە، تەرمی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئێران لە مەشهەد، شوێنی لە دایکبوونی، بە خاک دەسپێردرێت، پاش ئەوەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ئامادەکاریی تەواو بۆ ناشتنەکەی کرا.
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە (19ـی ئایاری 2024) هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی كۆچكردووی ئێران و یاوەرانی بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە، دوای 18 کاتژمێر لە گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە نۆ کەس بوون، مردوون و دیارترینیشیان ڕهئیسیی و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بوون.
موحسین مهنسووری، جێگری سهرۆكی كاروباری جێیهجێكردن به تهلهفزیۆنی فهرمی ئێرانی ڕاگهیاندبوو، تەرمی ئیبراهیم ڕەئیسی ڕۆژی پێنجشەممە 23ـی ئایار، لە شاری مەشهەد و لە تەنیشت مەزارگەی ئیمام ڕەزا بە خاک دەسپێردرێن.