شارەوانیی مەشهەد: نزیکەی سێ ملیۆن کەس لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ڕەئیسیدا بەشدارن

ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئێران - مەشهەد
ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئێران - مەشهەد

دوای چوار ڕۆژ، تەرمی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئێران، لە چوارچێوەی ڕێوڕەسمێکی فراوانی جەماوەری گەیشتە شاری مەشهەدی ناوەندی پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی و بە گوێرەی ڕاگەیاندنی شارەوانی مەشهەد، نزیکەی سێ ملیۆن کەس ئامادەی ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی و بەخاکسپاردنی تەرمی ڕەئیسی بوون.

بەرە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، تەرمی ئیبراهیم ڕەئیسی بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەیەندرایە فڕۆکەخانەی شەهید هاشمی نەژاد، لە شاری مەشهەد و دوای پێشوازی لێ کردنی  لەلایەن پارێزگاری خۆراسانی ڕەزەویی و بەرپرسانی دیکەی ئیداریی وتەناهیی پارێزگاکە و ناوچەکانی دیکەی ئێران، لە چوارچێوەی ڕێوڕەسمێکی جەماوەریدا بەرە دوا ئارامگەی بەڕێ کرا.

مێدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، ئەندامانی خانەوادەی ئیبراهیم ڕەئیسی چەند کاتژمێرێک پێشتر بۆ پێشوازیی لە تەرمەکەی، چوونەتە شاری مەشهەد.

هەروەها شارەوانیی مەشهەد ڕایگەیاندووە، بە گوێرەی ئامارەکان، نزیکەی سێ ملیۆن کەس لە دانیشتووانی مەشهەد و شارەکانی دیکەی سنووری پارێزگای خۆراسانی ڕەزەویی و ناوچەکانی دیکەی ئێران بۆ کۆتا ماڵئاوایی و بەشداریی لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی ئیبراهیم ڕەئیسی چوونەتە مەشهەد و ئاپۆڕە و خرۆشانی خەڵک بووەتە هۆی ئەوەی چەند جارێک و لە چەند شوێنێک ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی تەرمی ڕەئیسی بوەستێت، ئەمە جیا لەوەی کەژاوەکە بەهۆی ئاپۆڕەکەوە بە هێواشی بەرەو حەرەمی ئیمام ڕەزا جووڵەی کردووە.

بە گوێرەی ئەوەی پێشتر ڕاگەیاندراوە، تەرمی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئێران لە ڕاڕەوی کۆنی چوون بۆ سەر گۆڕی عەلی بن موسا ڕەزا ناسراو بە ئیمام ڕەزا کە هەشتەمین ئیمامی شیعە مەزهەبەکانە بە خاک دەسپێردرێت، بەو پێیەی پلەی خزمەتکاریی ئیمام ڕەزای پێ دراوە.

ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان - شاری ڕەی
ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان - شاری ڕەی

هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، تەرمی حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری کۆچکردووی دەرەوەی ئێران کە بە شەهیدی دیپلۆماتی ناسێندراوە لە زێدی خۆی لە شاری ڕەی لە حەرەمی عەبدولعەزیم حسێنی کە لە نەوەکانی دووەمین ئیمامی شیعە مەزهەبەکانە بەخاک سپردرا.