ئێمه‌ش چه‌كی دژه‌ تانكمان داوه‌ته‌ پێشمه‌رگه‌

جێگری سه‌ركۆنسوڵی رووسیا:
kurdistan24.net

K24 - هه‌ولێر:

له‌ هه‌ڤپه‌یڤینێكی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ كوردستان 24، یەڤگینی ئارژەنسڤ، جێگری كونسوڵی گشتی رووسیا لە ھەرێمی كوردستان، وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی تایبه‌ت به‌ سیاسه‌تی وڵاته‌كه‌ی و هه‌ڵوێستی رووسیا ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت: "له‌ به‌رزترین ئاستی دیپلۆماسی له‌ رووسیا، پێشوازیمان مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌".

 

كوردستان24: بەڕێز یەڤگینی زۆر سوپاس كە لە گەڵمانی

جێگری كونسوڵی رووسیا: زۆر سوپاس بۆ رێكخستنی ئەم دیدارە

كوردستان24:  باشە ، پرسیاری یەكەمم بەم جۆرەیە، وەك ھەموومان دەزانین كە رووسیا یەكەم وڵات بوو كە كونسوڵگەری لە ھەرێمی كوردستان كردەوە، بەڵام لە ئێستادا وەك دەوترێت، كە پەیوەندییەكانتان لە گەڵ كوردستان لە چاو وڵاتانی دیكە زۆر باش نییە، تۆ لەم بارەیەوە چی دەڵێیت؟

جێگری كونسوڵی رووسیا: سەرەتا دەمەوێت بڵێم كە من ھاوڕا نییم لە سەر ئەو بۆچوونە، من دەمەوێت نموونەیەكت بۆ بھێنمەوە، من زیاتر لە چوار ساڵە لە كوردستانم، لەم ماوەیەدا سەرۆكەكەتان بەڕێز مەسعود بارزانی، دوو جار سەردانی وڵاتەكەی ئێمەی كردووە، لە ھەر سەردانێكدا لە بەرزترین ئاستی دیبلۆماسیدا پێشوازی لێكراوە و لە گەڵ سەرۆكمان ڤلادیمیر پوتن و سەرۆكوەزیرانمان مێدڤێدڤ و وەزیری دەرەوە سێرگی لاڤرۆڤدا كۆبووەتەوە، وە زۆر دیدار و پێشوازی دیكەش، وە ھەروەھا من پێم وایە ھەموو كەسێك لێرە و لە رووسیاش ئەوە دەزانێت كە گفتوگۆكانی نێوان ھەرێمی كوردستان و رووسیا زۆر بەرھەمی باشی ھەبووە بۆ ھەردولا، وە بەڕێز مەسعود بارزانی لە رووسیا بە گەرمی پێشوازی لێ كرا زۆر زۆر بە گەرمی، ئەمە لە لایەكەوە، لە لایەكی دیكەوە، ئەمساڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی كوردستان سەردانی رووسیای كورد و لە سانپیترسبۆرگ بەشداری لە دیداری ئابووریدا كرد كە لە لایەن حكومەتی رووسیاوە رێكخرابوو، ئەو یەكێك بوو لەو میوانانەی كە گەرمترین پێشوازی لێ كرا، وە بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڕێز ھێمن ھەورامی بەشداری كرد لە كۆنگرەی ھەردوو پارتی دەسەڵاتداری رووسیادا، پارتی یەكگرتووی رووسیا و پارتی رووسیا، كە گەورەترین پارتی خاوەن جەماوەرە لە رووسیادا.

ئەوەندەی من بزانم، ئەو تاكە نوێنەر بوو لە ناو ھەموو پارتەكانی كوردستاندا كە لەو دیدارەدا بەشدار بوو، وە دەمەوێ باسی ئەوەش بكەم كە ، ئێمە لە گفتوگۆداین لە گەڵ ھاوڕێ كوردەكانمدا بۆ ئەوەی لە كاتێكی گونجاودا نوسینگەی نوێنەرایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە مۆسكۆ بكرێتەوە. جا بە كورتی دەمەوێت ئەوە بڵێم كە زۆر زەحمەتە بتوانین بڵێین كە ئێمە پەیوەندییەكی خراپمان لە گەڵ ھەرێمی كوردستاندا ھەیە ، پێم وایە ئەمە بە پێچەوانەوەیە.

كوردستان24:  نا نەخێر، نا ئێمە نەمانوت كە پەیوەندییەكانتان خراپە، وتمان لە ئاستی وڵاتانی دیكەدا نییە، بۆ نموونە.

جێگری كونسوڵی رووسیا: بەڵێ.

كوردستان24:  ئەوان گلەیی دەكەن لەوەی ئێوە چەكی پێشكەوتووتان نەناردووە بۆ پێشمەرگە لە ماوەی شەری دژ بە داعشدا، ئەگەر چی پێشمەرگە زۆر پێویستی پێی بوو، وە وڵاتانی دیكە ناردیان، وە رووسیا، رووسیا وەك وڵاتێك كە چەكی زۆر پێشكەوتووی ھەیە، چەكی زۆر باشی ھەیە، بۆچی رووسیا ئەو چەكە پێشكەوتووانەی كە ھەیەتی نەینارد بۆ كوردستان یان بۆ پێشمەرگە؟

جێگری كونسوڵی رووسیا: ئەوەندەی من ئاگادار بم، ئەوەندەی بزانم، ئەم گلەییە تەنیا لە رووسیا نەكراوە، زۆر باش لە بیرمە ، كە وتەیەكی بەڕێز مەسرور بارزانیم خوێندەوە، ئەو گلەیی لە ھەموو وڵاتان كرد كە ھاوكاری ھەرێمی كوردستان دەكەن لە شەڕی دژ بە داعشدا.

كوردستان24:  ئەوان گلەیی لە رووسیا دەكەن، چونكە دەڵێن رووسیا یەكێك لە باشترین دۆستەكانمانە.

جێگری كونسوڵی رووسیا: ئەوەی من خوێندمەوە، گلەیی لە ھەموو وڵاتان كردبوو ، لەوانەیە من ئەو بەشەم نەبینیبێ كە  بە تایبەت گلەیی لە رووسیا كردبێت، بەڵام من پێم وایە پێشكەوتنێكی زۆر باش ھەیە لە پەیوەندییەكانماندا، تا ئێستا پێنج بار كەل و پەل و پێداویستی سەربازییمان ناردووە بۆ ھەرێمی كوردستان، وە دوو لەو بارە ھاوكارییە سەربازییانە، بە شێوەیەكی راستەوخۆ و لە رووسیاوە ھێنراون و گوازراونەتەوە بۆ ھێزەكانی پێشمەرگە، نەك وەكو جاران كە سەرەتا دەمانناردە بەغدا و بەغدا بەشی خۆی لێ ھەڵدەگرت و پاشان بەشێكیمان دەھێنا بۆ كوردستان.

ئەم دوو بارەی دوایی راستەوخۆ نێردران بۆ ھێزەكانی پێشمەرگە ، وە پێشم وایە كە دەبێ چاوەڕوان بین بۆ ئەوەی پێشكەوتنی زیاتر لە ھاوئاھەنگییەكانماندا ببینین.

كوردستان24:  ئەمە مانای ئەوەیە كە ئێوە مامەڵە لە گەڵ كوردستاندا دەكەن وەك وڵاتێكی سەربەخۆ؟

جێگری كونسوڵی رووسیا: ئەمە مانای ئەوەیە كە ئێمە رێز لە پێشمەرگە جەنگاوەرەكان دەگرین، كە قوربانییەكی زۆریان داوە لە شەڕی رووبەرووبوونەوەی داعشدا، كاتێك سەركردەیەكی كورد دەڵێت ئێمە لە بری ھەموو جیھان شەری داعش دەكەین، ئێمە رێز لەو ھەڵوێستە دەگرین.

كوردستان24:   باشە، وەك وتم ئەوان گلەیی لە ھەموو وڵاتانی جیھان دەكەن، كە ئەو كاتەی پێوسیتیان بە چەكی پێشكەوتوو ھەبوو بۆیان نەناردن، بەڵام بە بۆچوونی تۆ، لە كاتێكدا داعش ترسناك ترین ھێزە لە جیھاندا، بۆ ھەموو وڵاتان مەترسییە نەك تەنھا بۆ كوردستان،

جێگری كونسوڵی رووسیا: بێگومان وایە، بێگومان

كوردستان24:  بۆچی ئەوان ئامادە نیین كە ئەو چەكە پێشكەوتووانەی ھەیانە بینێرن بۆ كوردستان، وە چ رێگرییەك ھەیە؟

جێگری كونسوڵی رووسیا: باشە، ھەوڵدەدەم وەڵامی ئەم پرسیارەت بدەمەوە كە زۆر بوێرانەیە، من ئامادە نییم و لەو ئاستەشدا نییم كە بتوانم وەڵامی پرسیارەكەی تۆ لە بری وڵاتانی دیكەی جیھان بدەمەوە، من دەتوانم لە بارەی رووسیاوە قسە بكەم، یەكێك لە بارە ھاوكارییە سەربازییەكانی ئەم دواییە، كە لە لایەن وەزارەتی بەرگری رووسیاوە نێردرا بۆ ھەرێمی كوردستان، چەكی دژە تانك بوو، كە چەكێكی زۆر بەھێز بوو، دەتوانن بە كاری بھێنن، لە دژی ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژكراوەكان و بیانتەقێننەوە، تەنانەت بۆ تەقاندنەوەی فڕۆكەی جەنگیش بەكاردەھێنرێت.

تەنانەت چەكی دژە بەرمیلی بۆمبڕێژكراویشمان ناردووە، ئەم شتانەمان ناردووە، وە من گفتوگۆشم لە گەڵ ناوەندی سەربازی رووسیادا كردووە لە بەغداد، ئەو پێی وتم كە ئەو جۆرە چەكە زۆر كاریگەرە، وە تا ئێستا ئەوە پێشكەوتوو ترین چەكە كە ھێزەكانی رووسیا ھەیانە.

كوردستان24:  لە بارەی پەیوەندییەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا، كوردستان و عێراقەوە، تۆ ماوەی چوار ساڵە لێرەی، وە زۆر شتت بینیوە، وە دەزانیت كە ئێستا پەیوەندییەكانی نێوانیان لە خراپترین ئاستدایە، لە بەرئەوەیە كوردستان لە دوای تێپەڕبوونی سەد ساڵ بە سەر سایكس پیكۆدا، ئێستا ھەنگاودەنێن بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی. تۆ لێرە جێگری كونسوڵی گشتی رووسیای لە ھەرێمی كوردستان، دەمەوێت رای تۆ لەم بارەیەوە بزانم، ئەگەر سبەینێ بارزانی سەربەخۆیی رابگەیەنێت، رووسیا چی دەكات، وە چی دەڵێن لەو بارەیەوە؟

جێگری كونسوڵی رووسیا: پێم وایە مۆسكۆ، پشتگیری لە ھەر بریارێك دەكات كە خەڵكی كوردستان بیدەن، پێم وایە ئێمە پشتگیرییان دەكەین لەمەدا، لەبەرئەوەی ئەوە بریارە، ئەوە ریفراندۆمە، چۆن دەتوانیت پشتگیری شتێك نەكەیت كە خەڵكەكە دەیانەوێت، ئەوە بژاردەی ئەوانە و پێویستە رێزی لێ بگرین،

كوردستان24:  بەڵێ، بەڵام ئێوە لەم ناوچەیەدا زۆر دۆستی دیكەتان ھەیە، بۆ نموونە، ئێران، وە ئێستا دۆستی توركیاشن، وە دۆستایەتییتان لە گەڵ عێراقیشدا ھەیە، ئەگەر ئەوان لە دژی سەربەخۆیی كوردستان بن، چونكە ئەوان دراوسێی ئێمەن، وە ئەوان ھەندێك گرفتیان ھەیە لەم بارەیەوە، كەواتە ئێوە چی دەكەن، بۆ نموونە ئەگەر ئێران و توركیا و عێراق داوا لە رووسیا بكەن كە پشتگیری لەم دەوڵەتە نوێیە نەكات، ئەو كات ئێوە چی دەكەن؟

جێگری كونسوڵی رووسیا: ھەموو وڵاتێك لە ناوچەكەدا خواست و ویستی تایبەت بە خۆی ھەیە، ئەگەر چی ئەم وڵاتانە یان بەشێكیان دۆستی ئێمەن ، ئەگەر ئەم وڵاتانە پشتگیری لەو بابەتە نەكەن ئەمە بە مانای ئەوە نییە، ئێمەش دەبێت وەك ئەوان بیر بكەینەوە، ھەر وڵاتێك بەرژەوەندی تایبەت بە خۆی ھەیە، لە ئێستادا ئێمە كوردستان بە بەشێك لە خاكی عێراق دەزانیین، ئەگەر ئێوە بڕیار بدەن ئەم بابەتە بگۆڕن و جیاببنەوە، ئێمە پێویستە رێز لە بڕیارەكەی ئێوە بگرین.

كوردستان24:  باشە، لەم چەند مانگەی دواییدا وەك خۆت ئاماژەت بۆ كرد، میوانداری سەرۆك مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و پارتی دیموكرات و چەند بەرپرسێكی دەیكەشتان كردووە لە كوردستانەوە ، بۆچی ئەم شتانە لە ماوەی ئەم دوو مانگەی رابردوودا روودەدەن، ئێوە دەتانەوێت پەیوەندییەكانتان بەرەوپێش ببەن، یان چی دیكە؟

جێگری كونسوڵی رووسیا: نا نا

كوردستان24: ھەندێك جار لە بارەی بۆری نەوتەوە قسە دەكرێت، لە رووسیاوە، كڕین و فرۆشتنی نەوت.

جێگری كونسوڵی رووسیا: نا ھیچ شتێكی لەو جۆرە نییە سەبارەت بە بۆری نەوت، ئەو شتانە نییە، بە بۆچوونی من بابەتەكە ئەوەیە كە دەمانەوێت پەیوەندییەكی سیاسیی باشمان ھەبێت لە گەڵ بەرپرسانی كوردستاندا، لە بەرئەوەی رۆڵی كوردستان، مەبەستم كوردستانی گەورەیە، لە ھەموو شوێنێك، لە توركیا و ئێران و سووریا و بێگومان عێراقیش، رۆڵێكی گرنگە، وە دەمانەوێت بزانیین دۆستە كوردەكانمان چۆن بیر دەكەنەوە، لە بارەی گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییەی ناوچەكەوە، وە دەمانەوێت دیدگاكانمان ئاڵوگۆڕ بكەین لە بارەی بارودۆخی ناوچەكەوە، دەمانەوێت بە بایەخەوە لە بۆچوون و بیركردنەوەی دۆستە كوردەكانمان بڕوانین.

كوردستان24:  بەڵێ، سەرەڕای جەنگی داعش و ناردنی ھاوكارییە سەربازییەكان، وە پشتگیری كردن لە كوردستان لە رووی سیاسییەوە، بابەتێكی دیكەش ھەیە، كە بابەتی ئابووری و سەرمایەگوزارییە، ھیچ پلانێكتان ھەیە بۆ زیادكردنی ژمارەی كۆمپانیا رووسییەكان لە ھەرێمی كوردستان، بێن و لێرە سەرمایەگوزاری بكەن؟

جێگری كونسوڵی رووسیا: پرسیارێكی زۆر باشە، بێگومان، پلانمان ھەیە بۆ برەودان بە پەیوەندییە ئابوورییەكانمان، بەڵام دەمەوێت بە راشكاوانە پێت بڵێم، لە ئێستادا كوردستان بە قۆناغێكی زۆر سەختدا تێپەڕ دەبێت، شەری دژ بە داعش و لە خۆگرتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە، ئێمە دەزانیین ئەم كێشانە ھەیە و دەزانین كە بارودۆخەكە زۆر خراپە لێرە، وە زیاتر لەوەش دەمەوێت لە گەڵت راشكاو بم كە ئێمەش لە رووسیا، بە بارودۆخێكی ئاساییدا تێپەڕنابین، دەزانن كە رووسیا ئابڵوقەی ئابووری لە سەرە، بەڵام من دڵنیام ئێمە و دۆستە كوردەكانیشمان ئەم رۆژە سەختانە تێدەپەڕێنین، وە لە رووی ئابووریشەوە ھەماھەنگی زۆر باشمان دەبێت. من دڵنیام لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەوە روودەدات.

كوردستان24:  لەم ماوەیەدا خەڵك پرسیار دەكەن لە بارەی ڤیزا و چۆنییەتی بەدەستھێنانی ڤیزاوە، یان رۆیشتن بۆ رووسیا بە مەبەستی خوێندن، ھیچ پلانێكتان ھەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ئاسانتر ڤیزا بدەن بەو ھاوڵاتییە كوردانەی كە دەیانەوێت بچن بۆ رووسیا وەك گەشتیار، یان بازرگان، یان وەك قوتابی بۆ ئەوەی لەوێ بخوێنن؟

جێگری كونسوڵی رووسیا:  سەبارەت بەو قوتابییانەی كە دەیانەوێت لە رووسیا درێژە بە خوێندن بدەن، ھیچ كەێشەیەك نییە و دەتوانن بە ئاسانی ڤیزا وەربگرن، ھەموو ساڵێك ئێمە زیاتر لە 35 قوتابی دەنێرین كە دەچنە رووسیا و لەوێ دەخوێنن، لە سەر بودجەی حكومەتی رووسیا، وە ئەو قوتابییانەی كە لە رووسیا و لە سەر خەرجی خۆیان دەخوێنن، ئەوانیش ھیچ كێشەیەكیان نییە و دەتوانن ڤیزا بەدەست بھێنن.

كوردستان24:  ئەی سەبارەت بە  گەشتیار و نەخۆش؟ ئەوانیش كێشەیان نییە؟

جێگری كونسوڵی رووسیا: ھیچ كێشەیەك نییە، ئێستا یەك كێشە سەری ھەڵداوە، ئەویش كێشەیەكە بۆ ئەو كەسانەی كە دەیانەوێت ڤیزای رووسیایان ھەبێت و لەوێ  بمێننەوە، خۆت دەزانیت ئێستا كێشەیەك ھەیە لە ئەوروپاش، زۆر كەس كۆچ دەكەن تەنھا بۆ رزگاربوون لە ناوچەی شەڕ، پێم وایە ئەو كێشەیە تەنیا لە رووسیا نییە، ھەموو وڵاتێكی ئەوروپی، رێكاری خۆت دەگرێتە بەر بۆ رێگریكردن لەو كەسانە،  ئێمە تەنھا ئەو كێشەیەمان ھەیە.

كوردستان24:  بەڕێز ئارژانسڤ دەمەوێت چەند پرسیارێكیشت لێ بكەم لە بارەی بارودۆخی سووریاوە، تا ئێستاش لە سووریا جەنگ بەردەوامە ، وە رووسیا دەسەڵات و ھێزێكی زۆری ھەیە لە سووریا، وە جەنگێكی خوێناوییە، رای تۆ چییە لە بارەی ئەوەی لە سووریا دەگوزەرێت؟ دەبێت جیھان چی بكات بۆ سووریا؟

جێگری كونسوڵی رووسیا: پێم خۆشە بڵێم لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، پەیوەندی نێوان وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەمان بەڕێز لاڤرۆڤ، وە ھاوتا ئەمریكییەكەی بەڕێز كێری، زۆر جێگەی ئومێدە و وە ھیوادارین و پێشم وایە كە رۆژلەدوای رۆژ ئێمە و ئەمریكا زیاتر لە یەك نزیك دەبینەوە ، وە چاوەڕوانی دەرئەنجامێكی باش دەكەین، لە بەرئەوەی ھەموو كەسێك بێزار و ماندووە بە دەست ئەم جەنگەوە، شەكەتن بە دەست ئەو رووداوە ناخۆشانەوە، وە ھیوادارین لە داھاتوویەكی نزیكدا، بتوانیین كۆتایی بەم جەنگە بێنین لە گەڵ ئەمریكای ھاوپەیمان و وڵاتانی ئەوروپی دا، بەیەكەوە ئەگەر ھەوڵەكانمان یەك بخەین دەتوانیین كۆتایی بەو ململانێیە بێنین.

كوردستان24:  چۆن دەتوانن كۆتایی پێ بێنن؟

جێگری كونسوڵی رووسیا: مەبەستم ئەوەیە.

كوردستان24:  چارەسەرێكی دیاریكراو ھەیە؟

جێگری كونسوڵی رووسیا: چارەسەر ئەوەیە رێز لە مافی ھەموو كەمینەكانی سووریا بگیرێت،  وە ھەڵەكانی رابردوو دوبارە نەكەنەوە.

كوردستان24:  باشە، بەڵام ئەو لایەنانە تەنانەت رێز لە ئاگربەستیش ناگرن، كاتێك ئێوە و ئەمریكا لە سەر ئاگربەست رێكدەكەون ئەوان فەرامۆشی دەكەن، وە ھێشتا ئامادەنیین شەڕ رابگرن، وە پاش ئەو ھەموو ماوەیە لە شەڕدا ھێشتا چالاكن، چارەسەرەكە چییە، فیدراڵیەت چارەسەرە؟ 

جێگری كونسوڵی رووسیا: وەك دەزانیت بەرپرسانی سەربازی رووسیا، ئەوان زۆر جار داوای دروستكردنی ناوچەیەكی ئاشتیپارێز دەكەن لە سووریا، وە زۆربەی ناوچەكان و گوندەكان رۆژ لە دوای رۆژ دەخرێنە ناو سنووری ئاگربەستەوە، بەڵام گروپەكانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا كە نایانەوێت بێنە ناو ئاگربەستەكەوە، ئەوان شەڕیان پێ باشترە لە گفتوگۆ و دانوستاندن، ئێمە ئەو گروپانە بە تیرۆریست دەزانین.

كوردستان24:  وەك داعش مامەڵەیان لە گەڵ دەكەن؟

جێگری كونسوڵی رووسیا: بەڵێ، بە داعشیان دەزانیین، ئێمە ھیچ جیاوازییەك نابینین لە نێوان داعش و بۆ نموونە جەبھەت نوسرەدا، وە گروپەكانی دیكەی لەو جۆرە، ئێمە داوا لەو گروپانە دەكەین واز لە شەڕ بێنن و دانوستان و گفتوگۆ باشترین دەرفەتە بۆ ھەموویان، ئەوان دەتوانن دانیشن و پێكەوە لە بارەی كێشەكانەوە گفتوگۆ بكەن، تەنانەت ساڵێك یان دوو ساڵ گفتوگۆ زۆر باشترە لە جەنگ، زۆر باشترە لەوەی ئەو ھەموو خەڵكە لەناوبچن، بەڵام لە داھاتوودا ھەموو دەگەنە ئەنجام، ئێمە دڵنیاین لەوەی كە دەرفەتی گەیشتن بە ئەنجام ھەیە، وە پێم خۆشە دووبارەی بكەمەوە كە مانگی رابردوو، ئێمە گفتوگۆی زۆرمان كرد لە گەڵ ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپیشدا، وە ھیوادارم لە كۆتاییدا بگەینە چارەسەرێكی باش.

كوردستان24: باشە، ئێوە وەك رووسیا و چەند وڵاتێكی دیكەش باستان لە فیدراڵییەت بۆ سووریا كردووە، وتووتانە باشترین چارەسەرە، لە بەرئەوەی دەتوانن مافی لایەنە جیاجیاكان بپارێزن و دەتوانن بەیەكەوە بژین، وەك درواسێ لە ناو وڵاتێكدا، ئێوە ھێشتا پێتان وایە باشترین چارەسەر بۆ سووریا فیدراڵیەتە؟

جێگری كونسوڵی رووسیا: پێم وایە فیدراڵیەت چارەسەرێكی باشە، پێم وایە چارەسەرێكی باشە لە بەر ئەوەی وڵاتەكەی منیش وڵاتێكی فیدراڵییە، زۆر ناوچەی ئۆتۆنۆمییمان ھەیە لە رووسیا، وە زیاتر لە سەد نەتەوەی جیا جیا لە رووسیادا دەژین، وە ئێمە ماوەیەكی زۆر لەمەوبەر ئەو كێشەیەمان چارەسەر كرد، ھەر لەبەر ئەوەیە پێم وایە كە فیدراڵیەت چارەسەرێكی زۆر باشە، لە ناو سیستەمی فیدراڵییەتدا تۆ دەتوانیت رێزی ھەر كەس و لایەنێك بگریت كە لە وڵاتەكەتدا دەژی، جا پێم وایە چارەسەرێكی باشە و ، من وەك مرۆڤێك نەك وەك دیبلۆماتێك قسەت بۆ بكەم، من تێناگەم بۆچی لە لایەن ھەندێك لایەنەوە پێشوازی لە فیدراڵیەت ناكرێت و نایانەوێت، تێناگەم لە بەر چی، چونكە ئەو وڵاتە وەك خۆی دەمێنێتەوە، وە فیدراڵیەت بە مانای دابەش بوون و جیابوونەوە نایەت، یەك وڵات دەبێت.

كوردستان24:  ئەوان لەوانەیە لەوە بترسن كە پاش فیدراڵیەت داوای سەربەخۆیی بكەن، لەوە دەترسن.

جێگری كونسوڵی رووسیا: باشە

كوردستان24:  بەڵام تۆ چی دەڵێیت لە بارەی بەشار ئەسەدەوە، بۆچوونی جیاواز ھەیە سەبارەت بە ئەسەد، ئەمریكا رایدەگەیەنێت كە پاش جەنگ جێگەی دەسەڵاتی ئەسەد لە سووریا نابێتەوە، وە لایەنێكی دیكە دەڵێ پێوسیتە بەشار ئەسەد بمێنێتەوە. بۆچوونی رووسیا چییە؟

جێگری كونسوڵی رووسیا: ئێمە ھەمیشە وتوومانە ئەوە بە دەستی خەڵكی سووریایە و ئەوان بڕیار دەدەن، ئەگەر خەڵكی سووریا بڵێن پێویستە بەشار ئەسەد بڕوات، ئێمە دەبێ رێز لەو بڕیارە بگرین، كەواتە ئێمە گوێ لە خەڵكی دەگرین ھەرچییەك بڵێن.

كوردستان24:  لەم دواییەدا پەیەدە لە مۆسكۆ نوسینگەیەكی كردەوە، وە ئێوە پەیوەندییەكانتان لە گەڵ توركیا دەستپێكردەوە، پاش خستنەخوارەوەی فڕۆكە جەنگییەكەتان، لە سنووری توركیا و لە لایەن ھێزەكانی توركیاوە، ئێستا توركیا دەڵێت، پەیەدە گروپێكی تیرۆریستییە، وە پەیەدە نوسینگەی لە مۆسكۆ كردووەتەوە، لە ئێستادا پەیوەندییەكانتان لە گەڵ پەیەدە چۆنە؟

جێگری كونسوڵی رووسیا: پیم وایە پێوەندییەكانمان لەوپەڕی باشیدایە، وەك دەزانیت پەیەدە پەیوەندییەكی باشی لە گەڵ ئەمریكاشدا ھەیە، پێم وانییە لە دواین دیداری نێوان بەڕێز ئۆردوگان و بەڕێز پوتندا ھەموو شتێك باس كرابێت، وە پێشم وانییە ئەو دیدارە ھەموو كێشەكانی نێوانمانی چارەسەر كردبێت، بێگومان زۆر كێشە چارەسەر كراون، وە دیدارێكی زۆر گرنگ بوو، بەڵام پێم وایە بەشێك لە كێشەكان ھەر ماون، وە ئێمە پەیەدە بە رێكخراوێكی تیرۆریستی نازانیین.

كوردستان24: ھەرگیز و لە داھاتووشدا؟

جێگری كونسوڵی رووسیا: نەخێر لە داھاتووشدا.

كوردستان24: باشە، ئەی چی لەبارەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرەوە دەڵێیت، ئەوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریان ھەیە و تاك لایەنانەش فیدراڵیەتیان راگەیاند، ئێوە رێز لەو بڕیارە دەگرن،وەك ناوچەیەكی فیدراڵی مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن؟

جێگری كونسوڵی رووسیا: ئەوە ھێشتا بڕیاری لێنەدراوە، ھێشتا لە سووریا بڕیار لە سەر فیدراڵیەت نەدراوە.

كوردستان24:  بەڵام ئەوان تاك لایەنانە رایانگەیاندووە،

جێگری كونسوڵی رووسیا: ئەوان رایانگەیاندووە، بەڵام تاك لایەنانە رایانگەیاندووە، من ئەتوانم یەك شتت پێ بڵێم، دیبلۆماسیەتی رووسی جەخت دەكاتەوە لە سەر بەشداری كردنی كورد لە دانوستانە نێودەوڵەتییەكاندا، تۆ دەزانیت، چەندین وڵات ھەن لە جیھاندا كە دژایەتی ئەم بابەتە دەكەن.

كوردستان24:  ئەو وڵاتانە دژایەتی چی دەكەن؟

جێگری كونسوڵی رووسیا: دژی ئەوەن كە كورد بەشداری لە دانوستانەكاندا بكات، وە دژی بەشداری كردنی كوردن لە لە ئایندەی سووریاشدا

كوردستان24:  بەڵێ بەڵێ كۆبوونەوەكانی جنێف.

جێگری كونسوڵی رووسیا: من ئەتوانم پێت بڵێم كە رووسیا زۆرترین پشتگیرری كورد دەكات بۆ بەشداریكردنیان لە گەڕی  گفتوگۆكاندا. وە پێم خۆشە ئاماژە بە بابەتێكی دیكەش بكەم، زۆر بە داخەوە، ئێستا كوردەكانی سووریا دابەش بوون، ئەنجوومەنی نیشتیمانی كورد لە سووریا لە لایەكەوە، لە لایەكەی دیكەوە پەیەدە ھەیە، وە ئێمە وەك رووسیا ئەم دابەشبوونەمان زۆر پێ ناخۆشە، كە كورد بەوجۆرە بن.

وە سەرت سوڕ دەمێنێت ئەگەر پێت بڵێم، ھەر لێرە پێشوازیم لە بەڕێز ئیبراھیم برۆ كردووە و ، ئێمە پەیوەندییەكی باشمان لە گەڵ ھەردوولادا ھەیە، لە گەڵ پەیەدە و لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتیمانی كوردیشدا پەیوەندییەكی نزیكمان ھەیە، ئێمە وەك سیاسەتمەدارانی رووسیا باشترین ھەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی یەكیان بخەین.

كوردستان24:  لەیەكیان نزیك بكەنەوە؟

جێگری كونسوڵی رووسیا: پێم وایە ئەوە زۆر جێگای نیگەرانییە كە دابەشبوون بەو جۆرە

كوردستان24:  بەڵام لە سەروبەندی ئەو دیدارەدا كە باست كرد، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا ئاسایشی رۆژئاوا سەركردەكانی ئەنەكەسەیان دەستگیر كرد.

جێگری كونسوڵی رووسیا: دەزانین، ئاگادارین.

كوردستان24:  رای ئێوە چییە سەبارەت بەم بابەتە؟

جێگری كونسوڵی رووسیا: ئەو كارە زۆر دڵتەنگی كردین، من باسی خۆم دەكەم، من زۆرم پێ ناخۆش بوو، وە لە پەیوەندیداین و لە گەڵ بەڕێز ئیبراھیم برۆدا زیاتر باسی ئەو بابەتە دەكەین. دەمەوێت ئاماژە بۆ ئەوە بكەم كە لە گەڵ ھەردوو لادا پەیوەندیمان دەبێت.

كوردستان24:  ئھم ، بەڵێ، وەك دەبینی، بارودۆخەكە لەم ناوچەیەدا زۆر ئاڵۆزە، پرسیارەكەم ئەوەیە چۆن رووسیا دەتوانێت لەم بارودۆخەدا باڵانس بپارێزێت، بۆ نموونە ئێوە پەیوەندییەكی نوێتان ھەیە لە گەڵ توركیا، توركیا بە یەپەگە دەڵێت تیرۆریست، كاتێك ئێوە ھاوكاری بەشار ئەسەد دەكەن، لە بەرمابەردا ئۆردوگان لە دژی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدە، وە ململانێ ی نێوان شیعە و سوننە، ئایا رووسیا دەتوانێت باڵانس بپارێزێت، لەبەر ئەوەی بە پێی ئەزموونی پێشووی وڵاتان، كاتێك وڵاتێك ھاوكاری لایەنێك دەكات، دەبێت پشت لە لایەنەكەی دیكە بكات؟

جێگری كونسوڵی رووسیا: بەڵێ تۆ بە تەواوی راستی، بەڵام حەزدەكەم ئەو شتە بڵێم كە پێشتریش ئاماژەم بۆ كرد، ھەروڵاتێك لە جیھاندا بەرژەوەندی و خواستی تایبەت بە خۆی ھەیە، ھەر وڵاتە و پرنسیبی تایبەت بە خۆی ھەیە كاری لە سەر دەكات، پێم وا نییە لە داھاتوودا، وە دیسانەوە دەیڵێمەوە، ھەرگیز رووسیا ناڵێت پەیەدە رێكخراوێكی تیرۆریستییە، لەبەرئەوەی كورد لە پێناوی مافەكانیدا دەجەنگێت، وە ئەو مافانە پێشێل كراون، بەداخەوە تا ئێستاش ھەروایە، تا ئێستاش زۆر لایەن و پارتی كوردی نەك تەنانەت لە سووریا بەڵكو لە شوێنەكانی دیكەش مافیان پێشێل دەكرێت، وە ئەوە مافی خۆیانە لە پێناو بەدەستھێنانی مافەكانیاندا بجەنگن.

كوردستان24: ئێستا بارودۆخەكە بەم جۆرەیە، رووسیا بنكەی سەربازی ھەیە لە سووریا، وە ئەمریكاش بنكەی سەربازی ھەیە لە سووریا و ئەو دوو بنكەیە لە یەكیشەوە نزیكن، خەڵكی ئەم ناوچەیە لە جەنگێكی گەورەتر دەترسن، لە نێوان ئەم دوو زلھێزەدا، لە سەر خاكی ئەوان. تۆ چی دەڵێیت، ئێوە بنكەی سەربازی دادەنێن بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی و دروستكردنی بارودۆخێكی باشتر، یان ئەگەری جەنگێكی گەورەتر ھەیە كە ھەموو شتێك لە گەڵ خۆیدا لە ناو ببات؟

جێگری كونسوڵی رووسیا: من پێم وانییە ھەرگیز لە جەنگێكی گەورەتر نزیك ببینەوە، ھیوادارم رووسیا و ئەمریكا یەك ئامانجیان ھەبێت لە سووریا، بۆ ئەوەی تیرۆر رابگرن، تیرۆر بنبڕبكەن لە سووریا، وە كارێكی زۆر شێتانە دەبێت، خراپترین و شێتانەترین كار دەبێت ئەگەر لە دژی یەك بجەنگن، ھیوادارم سەركردەكانمان ژیر بن لە رووسیا و لە ئەمریكا.

كوردستان24: زۆر سوپاس بۆ تۆ بەڕێز ئارژانسڤ، كە ئەم دیدارەت قبوڵ كرد

جێگری كونسوڵی رووسیا: زۆر سوپاستان دەكەم سوپاس بۆ ھەموولایەك.