توركیا دوو ساڵ پێش ئێستا پلانی چوونه ناوه‌وه‌ی سوریا دارشتبوو
K24 – هه‌ولێر
به‌رپرسێكی توركیا رایگه‌یاند وڵاته‌كه‌ی دوو ساڵ پێش ئێستا پلانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له سوریا دارشتبوو، به‌ڵام به‌هۆی هه‌ندێ به‌ربه‌ست، به‌تایبه‌تی ناكۆكییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا نه‌یتوانی پلانه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات.
تانكه‌كانی توركیا به یاوه‌ری سه‌دان چه‌كداری ئۆپۆزسیۆنی سوریا رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو چوونه ناو سنووری رۆژئاوای كوردستان و شاری جه‌رابلوسیان كۆنترۆڵكرد.
ماڵپه‌ری هافینگتۆن پۆست پرسیاری ئه‌وه‌ی ده‌وروژێنێت، به درێژایی سێ ساڵ جه‌رابلوس به‌ده‌ست داعشه‌وه بوو، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه ئه‌نقه‌ره كاردانه‌وه‌یه‌ك هه‌بێت.
به‌رپرسێكی تورك كه نه‌یویستووه ناوی ئاشكرا بكرێت رایگه‌یاند حكومه‌تی توركیا زیاتر له دوو ساڵه پلانی چوونه ناوه‌وه‌ی سوریا دارشتووه، به‌ڵام به‌هۆی هه‌ندێ هۆكاره‌وه دوا خرابوو.
ئاماژه به‌وه ده‌دات كه واشنتۆن گومانی له‌سه‌ر پلانی توركیا بۆ رزگاركردنی جه‌رابلوس هه‌یه، گوتیشی بیانوو سه‌ره‌كییه‌كه‌شی ئاسانه كه ژماره‌ی چه‌كدارانی میانه‌ڕه‌و به‌شی رزگاركردنی جه‌رابلوس و به‌شه‌كانی دیكه باكووری سوریا ناكات.
توركیا له مانگی ئاداری رابردوو لیستێك له چه‌كدارانی میانڕه له 1800 چه‌كدار پێشكه‌شی ئه‌مریكا كردبوو، له‌گه‌ڵ 600 چه‌كداری دیكه، بۆ جێبه‌جێكردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه.
به‌رپرسه توركه‌كه گوتی به‌شداریكردن ئه‌ندامانی سوپای توركیا له كوده‌تای دژی سه‌رۆك كۆمار ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له 15 ته‌موزی رابردوو بووه به‌ربه‌ستی به‌رده‌م ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی له سوریا.
هه‌ندێ له ئه‌فسه‌ره پله‌به‌رزه‌كانی ده‌سترۆیشتوو له‌ناو سوپای توركیا به پشت به‌ستن به ده‌نگۆی نادروست پێشیان به جێبه‌جێكردنی پلانه‌كه گرت، ئاماژه به‌وه ده‌دات كه جه‌نه‌راڵ سه‌میح ته‌رزی هۆكاری سه‌ره‌كی به‌رده‌م جێبه‌جێ نه‌كردنی ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی توركیا له سوریا بوو، كه یه‌كێ له ئه‌نجامده‌رانی كوده‌تای 15 ته‌موز بوو و له شه‌وی كوده‌تا كوژرا.
به گوته‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ی توركیا، قه‌یرانی دیپلۆماسی نیوان ئه‌نقه‌ره و مۆسكۆ سنوورێك بۆ ئۆپه‌راسیۆنی هه‌وایی توركیا له سوریا دانا كه هه‌بوونی بۆ پشتگیری ئۆپه‌راسیۆنی وشكایی پێویسته. به‌بێ پشتگیری هه‌وایی نه‌ده‌كرا پلانه‌كه جێبه‌جێ بكرێت.