فوئاد مەعسووم بۆ ناوبژیوانی لە كێشەكانی یەكێتی گەیشتەوە سلێمانی

پەرلەمانتارێكی یەكێتی: فوئاد مەعسووم ناتوانێ كاریگەری لە چارەسەركردنی كێشەكان ھەبێت چونكە خۆیی بەشێكە لە كێشەكان

K24 – سلێمانی

كەمێك پێش ئێستا فوئاد مەعسووم ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی نیشتمانی كوردستان و سەرۆك كۆماری عێراق بۆ بەشداریكردن وەك ناوبژیوان لە چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆیی حزبەكەی لە بەغداوە گەڕایەوە شاری سلێمانی و پەرلەمانتارێكی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی پێیوایە فوئاد مەعسووم ناتوانێت رۆڵی ناوبژیوانی بگێڕێت.

پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند: "كەمێك پێش ئێستا فوئاد مەعسووم بۆ بەشداریكردن لە چارەسەركردنی كێشەكانی ناوخۆیی یەكێتی گەیشتەوە سلێمانی، چونكە ئەو وەك ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی دەیەوێت ناوبژوانی لە نێوان ھەردوو باڵەكەی یەكێتی بكات".

رێزان شێخ دلێر پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی سەوز بە كوردستان24 گوت: "باوەڕناكەم فوئاد مەعسووم كاریگەری ھەبێت لەسەر لێك نزیكبوونەوەی لایەنەكان، چونكە ئەوكات ئەو بووەتە سەرۆك كۆمار كێشە لەناو مەكتەبی سیاسی دروستبووە، بۆیە خۆیی بەشێكە لەو كێشانەی كە ھاتوونەتە ئاراوە".