چه‌كدارانی عێراقی له حه‌له‌ب شه‌ڕ ده‌كه‌ن
K24 – هه‌ولێر
به‌رپرسێكی ملیشیای عێراقی رایگه‌یاند زیاتر له هه‌زار چه‌كداریان بۆ به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕ له حه‌له‌ب له سوریا ره‌وانه كردووه و به‌شداری شه‌ڕی كۆنترۆڵكردنی حه‌له‌ب بوونه.
شاری حه‌له‌ب بۆ ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه له نێوان هێزه‌كانی حكومه‌تی سوریا و گرووپه چه‌كداره‌كانی ئۆپۆزسیۆن دابه‌شكراوه، به‌ڵام هێزه‌كانی حكومه‌ت به نیییه‌تی وه‌رگرتنه‌وه‌ی ته‌واوی شاره‌كه ئابڵۆقه‌یان خستووه‌ته سه‌ر ئۆپۆزسیۆنی چه‌كدار، كه خودی شاره‌كه نزیكه‌ی ته‌واوی وێران بووه.
هێزه‌كانی حكومه‌ت له شه‌ڕی حه‌له‌ب هاوكاری هه‌وایی روسیای له پشته و هه‌روه‌ها له سه‌ر عه‌رزیش ملیشیاكانی شیعه‌ی لوبنان و عێران و ئێران شان به شانی هێزه‌كانی حكومه‌ت به‌شدارن له شه‌ڕی دژی گرووپه چه‌كداره‌كانی ئۆپۆزسیۆن.
به‌پێی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆیته‌رز، هاشم ئه‌لموسه‌وی وته‌بێژی ملیشیای "حركة النجباء" رایگه‌یاند هێزه‌كانیان ناوچه‌كانی باشووری حه‌له‌بیان له چه‌كدارانی ئۆپۆزسیۆن ستاندووه.
گرووپه‌كه هه‌روه‌ها له تویته‌ر هه‌ندێ وێنه‌ی چه‌كداره‌كانی له به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕ له سوریا بڵاو كردۆته‌وه كه له‌گه‌ڵ قاسم سلێمانی فه‌رمانده‌ی قودسی سوپای پاسداران وه‌ستاون كه سه‌رپه‌رشتی شه‌ڕه‌كانی عێراق و سوریا ده‌كات.
لایه‌كی تره‌وه به‌رپرسانی گرووپه چه‌كداره‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا رایانگه‌یاند ئاماده‌كاری ده‌كه‌ن بۆ دژه هێرشێك بۆ شكاندنی ئابڵۆقه‌ی سه‌ر شاری حه‌له‌ب.