ئه‌مریكا روسیا به "به‌ربه‌رییه‌ت" تۆمه‌تبار ده‌كات
K24 – هه‌ولێر
نوێنه‌ری ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند: "ئه‌وه‌ی كه روسیا له سوریا ئه‌نجام ده‌دات شه‌ڕی دژی تیرۆر نییه، به‌ڵكو به‌ربه‌رییه‌ته".
سامانسا پاوه‌ر له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی یۆئێن بۆ تاوتوێكردنی ره‌وشی شاری حه‌له‌ب به توندی ره‌خنه له هێرشی ئه‌م دواییه‌ی روسیا و سوریا بۆ سه‌ر شاری حه‌له‌ب گرت، به‌تایبه‌تی كرده‌وه‌كانی روسیا له سوریا به وه‌حشیگه‌ری له قه‌ڵه‌مدا كه پێی وایه روسیا شه‌ڕی دژی تیرۆر ناكات و داوای راگرتنی هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی حه‌له‌ب كرد كه له‌ژێرده‌سه‌ڵاتی گرووپه چه‌كداره‌كانی سوریا دایه و زیاتر له 200 هه‌زار هاوڵاتی سڤیل له‌و ناوچانه ده‌ژین.
گوتیشی له‌جیاتی كاركردن بۆ ئاشتی، روسیا و ئه‌سه‌د شه‌ڕیان راگه‌یاند. له جیاتی یارمه‌تیدان بۆ پاراستنی ژیانی هاووڵاتیانی سڤیل، روسیا و ئه‌سه‌د ده‌ستیان به بۆردومانكردنی كاروانی یارمه‌تی مرۆیی و نه‌خۆشخانه‌كان كرد.