له‌ رێی خانووه‌ پلاستیكیه‌كانه‌وه به‌شێكی زۆر له‌ پێداویستی ناوخۆیی دابینكراوه‌

10 هه‌زار خانووی پلاستیكی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

 ئێستا زیاتر له‌ 10 هه‌زار خانووی پلاستیكی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ن كه‌ به‌شێكی گه‌وره‌ له‌ پێداویستی خۆراكی هه‌رێمی كوردستان دابین ده‌كه‌ن به‌ تایبه‌تی به‌رهه‌می سه‌وزه، جگه‌ له‌وه‌ش هه‌لی كار بۆ چه‌ندین كه‌س دابین ده‌كه‌ن و هاوردنی به‌رهه‌می ده‌ره‌كیش كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌.

حاجی مەناف تەمەنی زیاتر لە 65 ساڵە ، ئەو دەرچووی بەشی كشت و كاڵە ...ماوەی زیاتر لە 25 سالە جووتیاری دەكا, حاجی باس لە كشتوكاڵی كۆن و نوێ دەكات, ئەو دەڵێ بە تێكھەڵكێشكردنی ئەزموونی چەند ساڵەی و بەكارھێنانی لایەنی زانستی, توانیویەتی بەرھەمی باش و زۆرتر لە سالانی رابردوو بە دەست بێنێ..ئەو رۆژانە لە ژێر ئەم خانوە پلاستیكیانە  ئاگای لە شەتڵە خەیارەكانە و پێیان رادەگا, لەگەڵ حاجی مەناف باسی تام و بۆن ئەم جۆرە بەرھەمانە دەكەین كە ھۆكار چيیە وەك ھی كشتوكاڵی كۆن تاموبۆنی نیيە.

خانووە پلاستیكيیەكان شێوازێكی مودێرنە بۆ كشتوكاڵ و پرۆژەیەكی گرنگە بۆ جووتیاران, بۆ بەرھەمھێنانی زیاتر, ئەم جۆرە خانووانە وا ده‌كات جیا لە وەرزی بەھار و ھاوین، جووتیار لە وەرزی سەرماش بەرھەمی خۆیی ھەبێت.

زیادبوونی بەرھەمه‌ خۆماڵییەكانیش وا دەكات وڵات پشتی پێ ببەستێ و بەرھەم لە دەره‌وەی ھەرێم نەھێنێت, جیا لەمانەش وایكردووە ھەلیكار بۆ خەڵكانێك لە ناوه‌ و دەرەوەی ھەرێم بڕەخسێت, بەڵام لە گەڵ ھەموو ئەمانەش جووتیاران كێشەیان ھەیە, بە تایبەت بۆ نرخ و بە بازاڕكردنی بەرھەمەكانیان.

لە ھەرێمی كوردستان زیاتر لە 10 ھەزار خانووی پلاستیكی ھەیە، وەزارەتی كشتوكاڵی ھەرێمیش ئامانجی پەرەپێدانی زیاتری ئەم شێوازە مۆدێرنەیە و بەردەوام لە ھەوڵی ئەوەدایە بە ھەماھەنگی و ھاوكاری زیاتر لە گەڵ رێكخراوەكانی كشتوكاڵی جیھانی, لە پەیوەندی بەردەوام بێ و رێككەوتنی تایبەتیش لەم بوارە واژوو بكات.

وەزیری كشتوكاڵی ھەرێم, بوونی ئەم پرۆژەیە بە گرنگ دەزانێت و ئامادەیی وەزارەتەكەشی راگەیاند بۆ پشتگیری زیاتری جووتیاران.

بە دروستكردن و پەرەپێدانی زیاتری خانووە پلاستكیيەكان لە كوردستان جووتیار خەمی ئەوەی نابێ كە زەوییەكەی بچووكە، ئەو دەتوانێ باشتر و زیاتر پەرە بە بەرھەمەكانی خۆی بدات، ھەموو وەرزەكانیش دەتوانێ خاوەن بەرھەم بێت و ببێتە خاوەن داھاتی خۆی  بە مەرجێك حكوومەتیش پلانی تایبەتی ھەبێت بۆ بە بازاڕكردن و گرنگیدان بە بەرھەمی خۆماڵی.