دیندار زێباری: كه‌یسی ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر ژنان پشتڕاست نه‌كراوه‌ته‌وه‌

رێکاری یاسایی بۆ رێگریکردن لە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە گیراوه‌ته‌به‌ر

K24 – ھەولێر

دیندار زێباری سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند" كه‌یسی ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر ئافره‌تان له‌ لایه‌ن دانیشتووانی ناو كه‌مپه‌كانه‌وه‌ پشتڕاست نه‌كراوه‌ته‌وه‌ و حکوومەتی هەرێمیش کۆمەڵێک رێکاری یاسایی بۆ رێگریکردن لە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە گرتووەتە بەر و چەندین رێنمایی تایبەتی بڵاوکردووەتەوە.

ئه‌م قسانه‌ی دیندار زێباری له‌ وه‌ڵامی ئه‌و راپۆرته‌ نیوده‌وڵه‌تییانه‌دا هات كه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ پێشێلكاری و بازرگانیكردن به‌ مرۆڤه‌وه‌ باسكردووه‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و راپۆرتانه‌ ئاماژه‌ی به‌ چه‌ند لیژنه‌ و بڕیارێك كردووه‌، كه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆ و ده‌زگا به‌رپرسه‌كانییه‌وه‌ ده‌ركراوه‌ و له‌سه‌ر ئه‌و كه‌یسانه‌ لێكۆڵینه‌وه‌یان كردووه‌.

زێباری ئه‌وه‌شی گوتووه‌ هه‌ر كۆمپانیایه‌ك له‌ واده‌ی دیاریكراوی خۆی ئه‌و كرێكاره‌ بیانیانه‌ نه‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ وڵاته‌كه‌ی خۆیان به‌ر له‌وه‌ی ڤیزاكه‌یان به‌ كۆتابێت،ئه‌وه‌ به‌ بڕی "5" ملیۆن دۆلار سزای ده‌درێت.

ده‌رباره‌ی حاڵه‌ته‌كانی زووو به‌ شووودانیش رایگه‌یاندووه‌" دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد لیژنەکە گەیشتۆتە چەند راستییەک دەربارەی ئەو کەیسانەی باس کراون له‌وانه‌ ژمارەیەک لەو کەسانەی لە خوار تەمەنی یاساییەوە بەشودراون بە نهێنی بووە و بەشێوەیەکی نایاسایایی و بەبێ رەزامەندی دادوەر یاخود دادگا ئەم کارە ئەنجامدراوە، هەر کەسێک لە بەشوودانی منداڵان دەستی  هەبووبێت ئەوە دەستگیر دەکرێت و لە دادگا بە گوێرەی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، هەروەها سەبارەت بە هەموو ئەو کەیسانەی باس لەوە دەکەن کە دەستدرێژی کراوەتە سەر ئافرەتان لەلایەن دانیشتوانی ناو کەمپەکە پشتڕاست نەکراونەتەوە.

دوای ئەوەی نزیکەی 2 ملیۆن ئاوارە و پەنابەری سووری روویان لە هەرێمی کوردستان کرد، بەشێک لە رێکخراوە ناوخۆیی و بیانییەکان باس لە بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە دەکەن بەشێوازی جیاجیا و هەندێک لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم بەوە تۆمەتبار دەکەن کە دەستیان لەمدا هەیە و داوای نەهێشتنی ئەم جۆرە پێشێلکارییانە دەکەن.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ چه‌ند بڕیارێك كردووه‌ كه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌ركراون،وه‌ك فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ ژمارە (8322) لە ١٦ی ئایاری 2016 لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان پێکهێنرا لە نوێنەرانی حکومەتی هەرێم لە وەزارەتەکانی ناوخۆ، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کە ئەرکیان بە دواداچوون بوو بۆ ئەو کەیسانەی کە لە هەندێک راپۆرتی نێودەوڵەتی سەبارەت بە بازرگانی کردن بە مرۆڤ ئاماژەی پێکرابوو، هەروەها بۆ زیاتر بەدواداچوونی ئەم کەیسە چەند لیژنەیەکی دیکە پێکهێنران لەوانە بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ ژمارە (9386) لە ٣١ی ئایاری ٢٠١٦ چەند لیژنەیەکی لاوەکی بۆ لێکۆڵینەوە لە پارێزگاکانی هەرێم بە بەشداری ئەندامانی ئاسایش و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان پێکهێنران. لەلایەکی دیکەوە بە فەرمانی جەنابی وەزیری ناوخۆ ژمارە (573) لە ١٩ی تەمووزی ٢٠١٦ لیژنەیەکی لاوەکی دیکە بۆ لێکۆڵینەوە لە ئەنجامدانی دەستدرێژی بۆسەر ژنانی پەنابەری رۆژئاوا بەتایبەت لە کەمپی دۆمیز لە دهۆک پێکهێنرا.

سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان زیاتر وتی: دوای ئەوەی لیژنەکان دەست بەکار بوون کۆمەڵێک رێنمایی لە دەرەنجامی کارەکانی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ پەسەندکراوە و بە گوێرەی ئەم رێنماییانە ژمارەیەک کۆمپانیای تایبەت کە بەرپرسیارن لە پێدانی مۆڵەتی مانەوە بۆ کرێکارانی بیانی، دەبێت کارئاسانییان بۆ بکرێت، هەروەها  ئەو کۆمپانیایانەی کرێکاری بیانی دەهێننە هەرێم  بەرپرسیارن لە گێرانەوەی کرێکارانی بیانی بۆ وڵاتی خۆیان پێش تەواو بوونی ڤیزایان و ئەگەر هاتوو نەنێردرانەوە ئەوە بە بڕی ٥ ملیۆن دۆلار سزا دەدرێن و رووبەرووی سزادانی یاسایی دەبنەوە.