بلان له وه‌رگرتنی پۆستی راهێنه‌رایه‌تی ئینته‌ر میلان نزیك ده‌بێته‌وه

لۆران بلانی فڕه‌نسی كه پێشتر یاری بۆ ئینته‌ر میلان كردووه، نزیكه له‌وه‌ی وه‌ك راهێنه‌ر پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ری یانه‌ی ئینته‌رمیلان وه‌ربگرێت.
میدیاكانی ئیتاڵیا ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، 26 ئۆكتۆبه‌ری 2016، بڵاویانكرده‌وه كه لۆران بلانی فڕه‌نسی ده‌بێته شوێنگره‌وه‌ی فڕانك دی بۆیر له یانه‌ی ئینته‌رمیلانی ئیتاڵی و پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ری ئه‌و یانه‌یه وه‌رده‌گرێت.
رۆژنامه‌ی لاگازێتا دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵی له پێگه‌ی فه‌رمی خۆی نووسیویه‌تی نێراتزۆری چووه‌ته نێو گفتوگۆ فه‌رمییه‌كان له‌گه‌ڵ لۆران بلان بۆ ئه‌وه‌ی له قۆناخه‌كانی داهاتوو مه‌شق و راهێنان له‌و یانه‌یه بداته‌وه.
ئینته‌رمیلان له‌گه‌ڵ فرانك دی بۆیری راهێنه‌ری ئێستای به دۆخێكی باش تێپه‌ڕ ناكات و له سێریا ئه‌ی به یازده خاڵ له خانه‌ی چوارده‌م ده‌بینرێت.
لۆران بلانیش كه پێشتر درێسی ئه‌و یانه‌یه ئیتاڵیه‌ی پۆشیوه، له ماوه‌ی رابردوو راهێنه‌رایه‌تی بۆردۆ و پاریس سانجێرمانی كردووه پێش ئه‌وه‌ی له مانگی یۆنیۆی رابردوو ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كه‌ی ببێت له‌گه‌ڵ یانه پاریسیه‌كه.
لۆران بلانی ته‌مه‌ن 50 ساڵ، له نێوان ساڵانی 1989 تا 2000 یاری بۆ هه‌ڵبژارده‌ی فره‌نسا كردووه و جامی جیهانی 1998ـی بۆ كه‌ڵه‌شێره‌كان به‌ده‌ستهێناوه، پێشتریش وه‌ك یاریزان یاری بۆ یانه‌كانی ناپۆلی، سانت ئیتیان، بارسێلۆنا، مارسیلیا، ئینته‌ر میلان كردووه، دواین یانه‌ش كه یاری بۆ كردووه مانچێسته‌ر یونایتد بوو، هه‌ر له‌و یانه‌ش له 2003 وازهێنانی له یاریكردن راگه‌یاند.