"ناديه‌ موراد به‌ پشتيوانى حكومه‌تى هه‌رێم ساخارۆڤى به‌ده‌ستهێنا"

ناديه‌ سوپاسى په‌رله‌مانى ئه‌وروپا و ئه‌ندامه‌كانى و گه‌لانى ئه‌وروپاى كرد و به‌ بێ ناوهێنانى كورد، ئێزدييه‌كانى به‌كۆمه‌ڵگه‌ى ئێزدى ناوبرد.

K24 – هه‌ولێر:

نوێنه‌رايه‌تى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ برۆكسل ئاشكرايده‌كات، به‌ فه‌رمانى نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم هه‌موو هه‌وڵێكيان داوه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانى خه‌ڵاتى ساخارۆڤ له‌ لايه‌ن ناديه‌ موراده‌وه‌، به‌ڵام ناوبراو هيچ ئاماژه‌يه‌كى بۆ ئه‌و پشتيوانييه‌ نه‌كرد.

له‌ راگه‌يه‌ندراوێكدا، دلاوه‌ر خالد ئاژگه‌يى به‌رپرسى نوێنه‌رايه‌تى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ يه‌كێتى ئه‌وروپا رايگه‌ياند، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی خاتوو (نادیە موراد و لەمیعە بەشار) و هاونیشتیمانیانی ئێزدی و تەواوی خەڵکی کوردستان دەکات. هەر لەم بۆنەیەدا پێویستە سوپاس و دەستخۆشی ئاراستەی ڕێزدار (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین کە هەر لە سەرەتای پرۆسەی کاندیدکردنی خاتوو نادیە موراد-ەوە فەرمانی بە هەموو لایەن و دەزگا پەیوەندارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە تەواوی هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ پشتیوانیکردن لە خاتوو نادیە موراد بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی ساخارۆڤ.

رۆژى 27ى تشرينى يه‌كه‌م/ ئۆكۆتۆبه‌رى 2016، پەرلەمانی ئەوروپا هەردوو خاتوو (نادیە موراد و لەمیعە بەشار)ی وەک براوی خەڵاتی ساخارۆڤی پەرلەمانی ئەوروپا دیاریکرد. خەڵاتی ساخارۆڤ بۆ ئازادی ڕادەربڕین لە پاش خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی، بە دووم خەڵاتی گرنگ لە بواری مافی مرۆڤ و ئازادییەکاندا دادەنرێت.

له‌ راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: لە بەر ڕۆشنایی ئەو فەرمانەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەرایەتییەکەمان لە ماوەی رابردوودا بەچڕی دەستی بە لۆبیکردن کرد لە ناو دۆستانمان لە پەرلەمانی ئەوروپا و تەواوی ئەو کەس و لایەنانەی کە لە بڕیاردان بۆ خەڵاتی ساخارۆڤ دا بەشدارن.

نوێنه‌رايه‌تييه‌كه‌ خۆشحاڵى خۆى ده‌ربڕيوه‌ و له‌ راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌يدا هاتووه‌: خۆشحاڵ و سەربەرزین کە هاندەرێك بووین بۆ بەجێگەیاندنی ئەو سەروەرییەی لە پەرلەمانی ئەوروپادا بۆ گەلەکەمان تۆمار کرا.

له‌ كۆتايى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌شدا هاتووه‌: هیوادارین کە خەڵاتی ساخارۆف ببێتە هاندەرێکی دیکە بۆ خاتوو نادیە موراد و هەموو لایەکمان بۆ ئەوەی کاربکەین بۆ بەسزاگەیاندنی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و هەوڵبدەین کە کردەی جیۆناسیدی لەوشێوە دەرهەق بە گەلەکەمان دووبارە نەبێتەوە.

ئه‌م پشتيوانييه‌ له‌ كاتێكدايه‌، ناديه‌ موراد، كه‌ له‌ ميدياى جيهانيدا وه‌ك كچى كوردستان و هاووڵاتييه‌كى كوردى رزگاربووى ده‌ستى داعش ده‌ناسرێت، تا ئێستا سوپاسى هه‌وڵه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى نه‌كردووه‌، بۆ پشتيوانيكردنى له‌ به‌ده‌ستهێنانى خه‌ڵاتى ساخارۆڤ.

هه‌ر له‌و باره‌يه‌وه‌ ناديه‌ موراد له‌ وته‌يه‌كدا رايگه‌ياند، ئێمه‌ و كۆمه‌ڵگه‌ى ئێزدى سووپاسگوزارى په‌رله‌مانى ئه‌وروپا و گه‌ل و وڵاتانى يه‌كێتى ئه‌وروپاين بۆ وه‌ستانيان له‌گه‌ڵمان و ئه‌وه‌ دانپێدانان و هاوخه‌مييه‌ بۆ ئازارى ژنانى ئێزدى و كۆمه‌ڵگه‌ى ئێزدى و به‌ نامه‌يه‌كى مێژوويى ده‌بينين بۆ داعش كه‌ تاوانه‌كانيان له‌ ئاستى جيهاندا ئيدانه‌ ده‌كرێن و جيهانى ئازاد رێز له‌ قوربانيدانى ئێمه‌ ده‌گرێت و پشتيوانمانه‌.

ناديه‌ موراد له‌ وتاره‌كه‌يدا به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك ناوى كورد و كوردستانى نه‌هێنا و پێكهاته‌ى ئێزدى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردستانى به‌ (كۆمه‌ڵگه‌ى ئێزدى) ناوبرد و داواى ناوچه‌يه‌كى پارێزراوى بۆ ئێزدييه‌كان كرد.

هه‌روه‌ها داواشى له‌ ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تى كرد، لێكۆڵينه‌وه‌ له‌و تاوانانه‌ بكات كه‌ ده‌رحه‌ق به‌ خه‌ڵكى ئێزدى كراون و سزاى تاوانباران بدات.