هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات شه‌ڕى ره‌ققه‌يان ده‌ستپێكرد

هێزه‌كانى سوورياى ديموكراتى كه‌ يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل پێشڕه‌وى ده‌كه‌ن، ئۆپراسيۆنى سه‌رتاسه‌رى بۆ رزگاركردنى ره‌ققه‌ ده‌ستپێكرد.

K24 – هه‌ولێر:

هێزه‌كانى سوورياى ديموكراتى كه‌ يه‌كينه‌كانى پاراستنى گه‌ل پێشڕه‌وى ده‌كه‌ن، ئۆپراسيۆنى سه‌رتاسه‌رى بۆ رزگاركردنى ره‌ققه‌ ده‌ستپێكرد.

به‌ گوێره‌ى زانيارى و پێشبينييه‌كان له‌ باكوورى سووريا، شه‌ڕ به‌ ئاراسته‌ى ره‌ققه‌ له‌ لايه‌ن هێزه‌كانى سوورياى ديموكراتى ده‌ستپێده‌كات.

سه‌ره‌ڕاى ناڕه‌زايه‌تييه‌كانى توركيا، هاوپه‌يمانێتى دژى داعش رايگه‌ياند، ته‌نيا ئه‌و هێزانه‌ ده‌توانن ره‌ققه‌ رزگار بكه‌ن.

به‌ ده‌ستپێكردنى ئۆپراسيۆنه‌كه‌، ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ له‌ ئارادايه‌ له‌ ماوه‌ى داهاتوودا هێزه‌كانى سوورياى ديموكراتى گه‌مارۆى ته‌واوى شاره‌كه‌ بده‌ن و رێگه‌ى په‌يوه‌ندى ره‌ققه‌ و توركيا ببڕن.

له‌ دوو رۆژى رابردوودا قاره‌مان حه‌سه‌ن جێگرى فه‌رمانده‌ى گشتيى هێزه‌كانى سوورياى ديموكرات رايگه‌ياند، بۆ شه‌ڕى ره‌ققه‌ چه‌كوچۆڵى سه‌ربازى پێويستمان به‌ ده‌ستگه‌يشتووه‌.

يه‌كينه‌كان ئه‌وه‌يان راگه‌ياندووه‌، دواى رزگاركردنى شاره‌كه‌، ره‌ققه‌ ده‌كرێته‌ ناوچه‌يه‌كى خۆبه‌ڕێوبه‌رى هاوشێوه‌ى ناوچه‌كانى ديكه‌ى ئيدارى زاتى رۆژئاواى كوردستان كه‌ خوازيارى فيدراڵيه‌تن.

به‌ گوێره‌ى ئه‌و زانياريانه‌ى له‌ ناو هێزه‌كانى سوورياى ديموكراتى دزه‌يان كردووه‌، پێده‌چێت شه‌ڕه‌كه‌ له‌ ناحيه‌ى عه‌ين عيسا ده‌ست پێبكرێت، كه‌ ته‌نيا 35 كيلۆمه‌تر له‌ سه‌نته‌رى شارى ره‌ققه‌وه‌ دووره‌.

توركيا به‌رده‌وام ره‌تيده‌كاته‌وه‌ رێگه‌ بدات يه‌كينه‌كان به‌شدارى له‌ شه‌ڕى ره‌ققه‌ بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌مريكا و هاوپه‌يمانێتى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش له‌گه‌ڵ يه‌كينه‌كان و سوورياى ديموكراتى گه‌يشته‌ رێككه‌وتن بۆ رزگاركردنى شارى ره‌ققه‌.