ئۆباما: له دوای ده‌رچوونم له كۆشكی سپی ده‌بمه شۆفێری تاكسی
K24 - هه‌ولێر:
باراك ئۆباما، سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، كه ته‌نها چه‌ند مانگێكی له‌و پۆسته ماوه، له وه‌ڵامی پرسیارێكی جینا رۆدریگزی ئه‌كته‌ر، له باره‌ی كاری داهاتووی، گوتی: "ده‌بمه شۆفێری تاكسی له كۆمپانیای ئۆبر".
وه‌ڵامه‌كه‌ی ئۆباما گاڵته‌ئامێز بوو بۆ ئه‌و ئه‌كته‌ره، كاتێك پرسی: "وه‌كو زۆرێك له خه‌ڵك به‌مزووانه بێكارده‌بی، دوای ئه‌وه‌ی له سه‌رۆكایه‌تی نامێنی لاپه‌ڕه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌خۆی له‌سه‌ر ئینته‌رنێت ده‌كه‌یه‌وه؟ بیستوومه وا باشتره له یوتیوبه‌وه ده‌ستپێبكه‌ی".
دوای ئه‌و وه‌ڵامه‌ش، په‌یامنێری ته‌له‌ڤزیۆنی "سی بی ئێس نیوز" پرسیارێكی ئاراسته‌ی ئۆباما كرد‌و گوتی: "ئایا رێی تێده‌چێت رۆژێك له رۆژان له كۆمپانیای ئۆبر داوای تاكسییه‌ك بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر كار بمانگه‌یه‌نێته ماڵه‌وه و ببینین كه شۆفێره‌ی 44ه‌مین سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكایه؟".
وه‌ڵامی ئه‌مجاره‌ی ئۆباما جدیتر بوو و گوتی: "یه‌كه‌م پلانم ئه‌وه‌یه بۆ ماوه‌ی دوو هه‌فته بنووم، دواتر كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌م هه‌لیكار بۆ ئه‌و گه‌نجانه بڕه‌خسێنم كه بێكارن، هاوكات هه‌وڵی ده‌رفه‌تی خوێندنیش بۆ گه‌نجان دابین ده‌كه‌ین".
ئۆبه‌ر، كۆمپانیایه‌كی ئه‌مه‌ریكا فره‌نه‌ژاده له ساڵی 2009 دامه‌زراوه، نووسینگه‌ی سه‌ره‌كی له سان فرانسیسكۆیه و له رێگه‌ی ئه‌پێكی مۆبایله‌وه ده‌توانرێت داوای تاكسی بكه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی بته‌گه‌یه‌نێته شوێنی مه‌به‌ست.