ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی داوایەك لە حكوومەت دەكات

سەرۆكی ئەنجوومەن: لەسەر كۆمەڵێك خاڵ رێككەوتین

K24 – سلێمانی

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای كرد، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا لەبارەی داواكانی مامۆستا و فەرمانبەرانی ناڕازی، لەسەر كۆمەڵێك خاڵ رێككەوتون و داوای كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆكایەتی حكوومەتی ھەرێمی دەكەن.

ئازاد حەمەدەمین سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە رۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لەسەر كۆمەڵێك خاڵ رێككەوتین كە ئاراستەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانی بكەین، لێرەوە داوا لە حكوومەت دەكەین كاتێكمان بۆ دیاربكەن كە وەك ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بتوانین لەگەڵ سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران كۆببینەوە و تایبەت بێ بە داخوازییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و بەتایبەتیش مامۆستایان و فەرمانبەران".

گوتیشی: "ئەو بڕگە و بابەتانەی لە  كۆبوونەوەكە تاوتوێمان كردوو دەیكەین بە نووسراوێك و ئاراستەی حكوومەتی دەكەین، داواش دەكەین وەڵامی ئیجابی ھەبێت".