پوتین داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ ئه‌ردۆغان ده‌كات

K24 - ھەولێر

كرێملین رایگه‌یاند لێدوانی سه‌رۆك كۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی چوونی ھێزەكانیان بۆ سوریا بۆ رووخاندنی بەشار ئەسەدە، جێگەی سەرسوڕمانە و چاوڕێی رونكردنەوە لە ئەنقەرە دەكەن.

ئەردۆغان رۆژی سێشەممە رایگەیاند "بەھۆی شكستی نەتەوە یەكگرتووەكان، ھێزەكانی توركیا چوونە ناو سوریا، بۆ ئەوەی كوتایی بە ده‌‌سه‌ڵاتی ئه‌سه‌دی سته‌مكار بھێنن".

گوتیشی "بۆ گەڕاندنەوەی خاك بۆ خاوه‌نه‌ راسته‌قینه‌كانی و دامه‌زراندنی دادپه‌روه‌ری و كۆتاییهێنان به‌ تیرۆری ده‌وڵه‌ت و د‌ه‌سه‌ڵاتی ئه‌سه‌دی سته‌مكار چووینە ناو سوریا، نەك بۆ شتێكی دیكه‌".

بە پێی ھەواڵێكی رویتەرز، گوتەبێژی كرێملین دمیتری پێسكۆڤ رایگەیاند "لێدوانەكەی ئەردۆغان بۆ ئێمە شتێكی نوێ بوو".

ھەروەھا بە "لێدوانیكی مەترسیدار" زانی و گوتی "پێچەوانەی لێك تێگەیشتنی پێشوومانە لەبارەی رەوشی سوریا و ھیوادارین ھاوبەشە توركەكەمان لە بارەی ئەم لێدوانەوە رونكردنەوە بدات".

پاش شكستی كودەتای سەربازی توركیا، ئەردۆغان پەیوەندییەكانی لەگەڵ سەرۆكی روسیا ئاسایی كردەوە، كە بەھۆی خستنە خوارەوەی فڕۆكەیەكی روسیا لەلایەن توركەكانەوە، پەیوەندییەكانیان تێكچوبوو.

شرۆڤەكارانی سیاسی پێیان وایە توركیا پاش وەرگرتنی گلوپی سەوزی روسیا ھێزی سەربازی رەوانەی سوریا كرد.