ئه‌مه‌ریكا ستایشی پێشمه‌رگه‌ ده‌كات

"شه‌ڕی داعش ئه‌مه‌ریكا و كوردی له‌ یه‌ك نزیكتر كرده‌وه‌"
kurdistan24.net

K24 – واشنتۆن:

مارك تۆنەر، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند, ئەمریکا بەگرنگییەوە دەڕوانێتە قوربانییەکانی کورد لە شەڕی داعش و ئاشکراشکیکرد, هێزی پێشمەرگە و هێزە کوردییەکانی دیکە لە سووریا وایکردووە پێگەی کورد لە جیهاندا بەهێزتر بێت.

ماڕک تۆنەر, جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا, گوتی: "ھەروەکو بینیوومانە کە چۆن کورد لە عێراق و سووریا، شەڕیان کردووە، سەلماندوویانە کە ھێزێکی چەند کاریگەرن لەبەرامبەر بە داعش و توانیوویانە زۆرترین ناوچە لەژێر دەستی داعش رزگار بکەن. بینیوویشمانە کە چۆن سەرجەم گروپە جیاوازەکانی کورد لە عێراق و سووریا، قوربانی گەورەیانداوە لەپێناو ئەو ئامانجە".

لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و کورد، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ، کورد و ئەمریکا ھەمیشە ھاوپەیمان بوون، بەڵام لەدوای شەڕی داعش، نزیکتر بوونەتەوە.

تۆنەر، گوتی:"ھەروەکو دەزانن چەندین گروپی جیاوازی کوردی لە عێراق و سووریا ھەن. ئێمە ھەمیشە ئەوەمان دووپاتکردۆتەوە کە یەپەگە ھێزێکی کاریگەر بووە لەنەھێشتنی ھەڕەشەی داعش لە باکوری سووریا و بەراشکاوانەش بەچاوێکی جیاوازەوە تەماشای پەکەکە و یەپەگەمان کردووە. ئەمەش تورکیای نیگەران کردووە و بەردەوام لەھەوڵداناین، بۆ تاوتوێکردنی ئەو نیگەرانییە. لەبارەی عێراقەوە، پێشمەرگە رۆڵێکی بەرچاوی لەشەڕی داعش ھەبووە. ئەمریکا پەیوەندییەکی بەھێزی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەیە و ئەو پەیوەندییەش ھەمیشە بەرەو پتەوتر دەڕۆن".

لەگەڵ گۆڕینی ئیدارەی کۆشکی سپی، ئێستا کورد چاوەڕێی ئەوەیە کە بزانێت ئایا تڕەمپیش ھاوشێوەی ئیدارەی ئۆباما درێژە بەو پەیوەندییە بەھێزە بدات، یانیش گۆڕانکاری بەسەردا بێنێت.

مارك تۆنەر، ئاماژەی بەوە کرد, ئەمریکا بەگرنگییەوە دەڕوانێتە ئەو رۆڵەی کورد لە شەڕی داعش و ئاشکراشی کرد کە شەڕکردن دژی ئەو دوژمنە ھاوبەشە، وایکردووە واشنتۆن و کورد بکاتە ھاوپەیمانێکی ستراتیژی ناوچەکە.