چه‌ند راستییه‌ك له باره‌ی وه‌زیری نوێی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا
K24 - هه‌ولێر:
دۆناڵد ترامپ، سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مه‌ریكا، دواجار گومانه‌كانی ره‌وانده‌وه و جێیمس ماتیسی بۆ وه‌زیری به‌رگری (پنتاگۆن) ده‌ستنیشان كرد.
ماتیس، زیاتر له 40 ساڵه له ریزی سوپای ئه‌مه‌ریكا خزمه‌تده‌كات و چه‌ند نازناوێكی به‌سه‌ردا بڕاوه، وه‌كو "راهبی جه‌نگ" به‌و پێیه‌ی هاوسه‌رگیری نه‌كردووه و منداڵی نییه، هه‌ندێكجاریش پێی ده‌گوترێت "سه‌گی دڕنده" به‌و پێه‌ی له جێبه‌جێكردنی یاسا سه‌ربازییه‌كان زۆر تونده.
له ماوه‌ی كاركردنیدا، ماتیس، گه‌یشتووه‌ته پله‌ی سه‌رۆكی فه‌رمانده‌ی ناوه‌ندی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و له ساڵی 2013شدا، وه‌ك هه‌ڵوێست ده‌ربڕینێك ده‌ستی له‌كار كێشایه‌وه و وه‌ك راوێژكار له‌سه‌ر په‌یمانگه‌ی "هۆڤه‌ر"ی زانكۆی ستانفۆرد ده‌ستبه‌كار بوو.
ماتیس دووه‌م جه‌نه‌راله ببێته وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا، له‌دوای جه‌نه‌رال جۆرج مارشال له ساڵی 1950، به‌ڵام به گوێره‌ی ده‌ستووری ئه‌مه‌ریكا، ئه‌گه‌ر هه‌ر جه‌نه‌رالێك ببێته وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا و 7 ساڵ به‌سه‌ر خانه‌نشینبوونیدا تێپه‌ڕنه‌بووبێت، ئه‌وا ده‌بێت كۆنگرێس ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ده‌ستبه‌كاربوونی بدات، پێده‌چێت جه‌نه‌رال ماتیس، رووبه‌ڕووی هه‌مان كێشه ببێته‌وه.
ماتیس خوێنه‌رێكی جددییه و ته‌واوی ئه‌و كتێبانه‌ی خوێندووه‌ته‌وه كه له كتێبخانه‌كه‌یدا هه‌ن و ژماره‌یان 6 هه‌زار كتێبه.
هه‌ڵوێستی ئه‌و جه‌نه‌راله به‌رامبه‌ر به ئێران زۆر تونده و به‌رده‌وام ئێران به هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی بۆ سه‌ر سه‌قامگیری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، وه‌سفده‌كات.
یه‌كێك بوو له‌و كه‌سانه‌ی به توندی دژایه‌تی رێككه‌وتنی ناووكی ئێرانی ده‌كرد و دژی سیاسه‌تی ئیداره‌ی ئۆباما بوو له‌گه‌ڵ تاران، له كاتی وانه‌گوتنه‌وه‌كانیدا له زانكۆدا، زۆر به توندی ره‌خنه‌ی له ئۆباما ده‌گرت، كه نه‌یتوانیوه ئێران له هاوكاریكردنی سه‌ربازی سووریا رابگرێت و رێگه‌نه‌دات هاوكاری میلیشیا حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن بكات.
به‌هۆی هه‌ڵوێسته تونده‌كانی له دژی ئێران قوربانیداوه و له ساڵی 2013، به گوێره‌ی میدیاكانی ئه‌مه‌ریكا، به پشتبه‌ستن به به‌رپرسانی پنتاگۆن، له‌به‌ر نه‌رمی نواندنه‌كانی ئیداره‌ی ئۆباما له دژی، وه‌ك هه‌ڵوێستێك ده‌ستی له‌كاركێشاوه‌ته‌وه.
لێدوانه‌كانی به‌رده‌وام جێگه‌ی هه‌ڵوه‌سته بوونه و له ساڵی 2005 له لێدوانێكدا له باره‌ی ئه‌فغانستان، گوتی: "لێره پیاوه‌كان توندوتیژن له‌گه‌ڵ ژنه‌كانییان چونكه باڵاپۆش نین و حیجاب ناقۆس، ئه‌و جۆره كه‌سانه‌ی هیچ پیاوه‌تی و مرۆڤایه‌تییه‌كیان تێدانییه و كوشتنی ئه‌و جۆره كه‌سانه، چێژبه‌خشه".
ماتیس له 19 ساڵییه‌وه چووه‌ته ریزی سوپای ما‌رینزی ئه‌مه‌ریكا و خاوه‌ن ئه‌زموونێكی كه‌ڵه‌كه‌بووه، به‌شداری له ژماره‌یه‌ك جه‌نگیشدا كردووه، هه‌ر له جه‌نگی كه‌نداو تاكو شه‌ڕی عێراق له 2003 و هه‌ردوو شه‌ڕه‌كانی فه‌للووجه و شه‌ڕی ئه‌فغانستان.
جێیمس ماتیس، له 8ی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 1950، له شاری پولمانی ویلایه‌تی واشنتۆنی ئه‌مه‌ریكا له‌دایكبووه و ته‌مه‌نی 66 ساڵه.