راپۆرتەکەی ئۆڵبرایت لەبارەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە رەخنەباران دەكرێت

"عێراق ئێستا خۆی دابەشبووە"
kurdistan24.net

K24 - واشنتن

راپۆرتێکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی سیاسی کە لەلایەن مادلین ئۆڵبرایت، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا نووسراوە و تایبەتە بە باسکردنی ئایندەی سیاسەتی واشنتن لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و سەربەخۆبوونی کوردستان، رەخنەی زۆر لێدەگیرێت و دیپلۆماتکارێکی پێشووی ئەمریکاش، دەڵێ ئەو راپۆرتەی ئۆڵبرایت ھیچ شتێکی نوێی تێدا نییە.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24، پیتەر گاڵبرێت سیاسەتمەدا باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە کرواتیا: "ئەم راپۆرتە بە ناونیشانی " ستراتیجیەتێکی نوێ بۆ رۆژھەڵاتی ناوەراست"، بەڵام لەراستیدا ھەمان شتراتیجی پێشووە، بەتایبەتی لەو بۆچوونەدا کە دەڵێ، نابێ ئەمریکا وڵاتان دابەش بکات، باشە ھاورام، بەڵام عێراق ئێستا خۆی دابەشبووە".

کینیت پۆڵاک راوێژکاری پێشووی سی ئای ئەی بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە كوردستان24 گوت: "پێموایە ئەم راپۆرتە زۆر جەختی لەسەر کورد نەکردوەتەوە، ئەم راپۆرتە چوارچێوەیەکی بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دارشتووە، ئەگەر سەیری راپۆرتەکانی ئێمە بکەیت لەبارەی ئاسایش رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەدڵنیاییەوە باسی کوردمان کردووە و دەبێ چوارچێوەیەک ھەبێت بۆ چارەسەری دۆزی کورد، لە عێراق و سوریا و ئێران و تورکیا. باسمان لە گرنگی کورد کردووە وەک دۆستێکی ستراتیجی ئەمریکا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست".

گوتیشی: "بە دڵنیاییەوە من لەگەڵ ئەوەدام کورد دەوڵەتی سەربەخۆی ھەبێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە چۆن بەشێوەیەکی ئاشتیانە ئەم دەوڵەتە دروست بکرێت، بەبێ ئەوەی ببێتە ھۆی ھەڵگیرسانی شەرێکی دیکە لەناوچەکەدا".