هاوسه‌ره‌كه‌ی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د: جێگره‌وه‌ی تاڵه‌بانی هێشتا نه‌هاتووه‌ته دونیاوه
K24 – هه‌ولێر:
"گه‌لاوێژخان"هاوسه‌ری ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و دایكی "هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د" سه‌رپه‌رشتیاری باڵی ده‌ستڕۆیشتووی ناو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، له دژی جێگرانی سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان هه‌ڵوێستی خۆی ده‌ربڕیووه و له وتارێكدا نوسیوویه‌تی" ناو به‌ناو ده‌نگۆیه‌ك له‌ملاو له‌ولا ده‌بیسترێ و له‌هه‌ندێ سایت و فه‌یس بووك و بڵاوكراوه‌دا ده‌خوێنرێته‌وه كه گوایا كه‌سانێ هه‌ن خۆیان هه‌ڵپاچیوه بۆ جێگره‌وه‌ی مام جه‌لال، له‌كاتێكدا ده‌بێ هه‌موان ئه‌و حه‌قیقه‌ته بزانن كه ((جێگره‌وه‌ی مام جه‌لال هێشتا نه‌هاتۆته دنیاوه)).
گه‌لاوێژخان كه هاوسه‌ری ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و دایكی هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌رپه‌رشتیاری باڵی ده‌ستڕۆیشتووی یه‌كێتییه، له ژماره‌ی ئه‌مڕۆی 4/12/2016 كوردستانی نوێی زمانحاڵی یه‌كێتیدا وتارێكی له ژێر ناوی"به‌ڵێ بۆ جێگر....نا بۆ جێگره‌وه" له باره‌ی جێگره‌وه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان نوسیووه و به ئاشكرا به جێگرانی سكرتێری گشتی یه‌كێتی ده‌ڵێت" بوون به جێگره‌وه‌ی تاڵه‌بانی خه‌ونه و جێگره‌وه‌كه‌ی هێشتا نه‌هاتووه‌ته دونیاوه.
له درێژه‌ی باسه‌كه‌یدا گه‌لاوێژخان ده‌ڵێت: له كۆنگره‌ی ڕه‌سمیی حزبدا نووری چاوه‌كانم، خۆشه‌ویستی گه‌ل سه‌رۆك مام جه‌لال به‌سیفه‌تی سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، دوو هه‌ڤاڵی به‌ڕێزی ده‌ست نیشان كرد بۆ پۆستی جێگری یه‌كه‌م و جێگری دوه‌م، كۆنگره‌ش پێشنیازه‌كه‌ی مامی په‌سند كرد، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ی جێبه‌جێ كرا كارێكی حزبی دروست بوو، به‌ڵام ئێستا ناو به‌ناو ده‌نگۆیه‌ك له‌ملاو له‌ولا ده‌بیسترێ و له‌هه‌ندێ سایت و فه‌یس بووك و بڵاوكراوه‌دا ده‌خوێنرێته‌وه كه گوایا كه‌سانێ هه‌ن خۆیان هه‌ڵپاچیوه بۆ جێگره‌وه‌ی مام جه‌لال، له‌كاتێكدا ده‌بێ هه‌موان ئه‌و حه‌قیقه‌ته بزانن كه ((جێگره‌وه‌ی مام جه‌لال هێشتا نه‌هاتۆته دنیاوه)).
كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی و به‌رهه‌م ساڵح جێگرانی سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان
ئه‌و وتاره كه به‌شێكی زۆری بۆ ستایشی قۆناغه‌كانی ژیانی سیاسی تاڵه‌بانی ته‌رخانكراوه، به‌ڵام له سه‌ره‌تادا به‌ڕوونی و ته‌نانه‌ت بێ ئه‌وه‌ی ناوی جێگرانی سكرتێری گشتی یه‌كێتی بهێنێت ته‌نها به "دوو هه‌ڤاڵی به‌ڕێز" ناویان ده‌بات كه تاڵه‌بانی له كۆنگره‌دا وه‌ك جێگری خۆی ده‌ستنیشانی كردووه.
له درێژه‌ی باسه‌كه‌یدا دایكی هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د چه‌ندین لاپه‌ڕه‌ی له مێژووی سیاسی و قۆناغه‌كانی ژیانی تاڵه‌بانی هه‌ڵداوه‌ته‌وه و به ستایشه‌وه باسیكردوون، هه‌ر بۆیه نوسیوویه‌تی: مام جه‌لالی خه‌باتگێڕو ئه‌فسه‌رو پارێزه‌رو یاساناس و ڕوناكبیرو سیاسه‌تمه‌دارو پێشمه‌رگه‌و سه‌ركرده‌و برا گه‌وره‌و فه‌رمانده‌ی لێهاتوو كێ له توانایدایه ببێته جێگره‌وه‌ی؟
له كۆتایشدا وه‌ك په‌یامێك بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی سه‌ر به باڵی ناوه‌ندی بڕیاری یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان كه له میدیاكان و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه بانگه‌شه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن پێویسته جێگه‌ی تاڵه‌بانی پڕ بكرێته‌وه و كێشه ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتی به لایه‌كدا بخرێت،گه‌لاوێژخان به روونی به‌و كه‌سانه ده‌ڵێت: با ئه‌و به‌یت و بالۆره‌یه‌ی ناو فه‌یس بووك و لێدوانی لابه‌لا له‌جێی خۆیدا كپ ببێ كه‌س جورئه‌تی ئه‌وه نه‌كات بڵێ فڵان یان فیسار جێگره‌وه‌ی مام جه‌لاله.
تا ئه‌م ساته بڕوا ناكه‌م كه‌سێك هه‌بێ بتوانێ و جه‌ساره‌تی ئه‌وه بكات و باسی جێگره‌وه‌ی بكات بۆیه.. مام .. هه‌ر مامه‌و .. هه‌ر سه‌ركرده‌یه‌و هه‌ر ئه‌ویشه شه‌وو ڕۆژ له دووتوێی دڵمانایه.. بۆ یه‌ك ساتیش فه‌رامۆشی ناكه‌ین.
هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د سه‌رپه‌رشتیاری باڵی ده‌سترۆیشتووی یه‌كێتی و و شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د به‌رپرسی رێكخستنه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی
ئه‌م وتاره‌ی دایكی هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له چوارچێوه‌ی ئه‌و دوو به‌ره‌ییه‌ی ناو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستاندایه كه له رێككه‌وتی 1/9/2016 دا هه‌ر یه‌كه له كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتی یه‌كێتی و دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح جێگری دووه‌می سكرتێری گشتی، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیدا باڵی ناوه‌ندی بڕیاریان راگه‌یاند.
له به‌یاننامه‌ی راگه‌یاندنی باڵی ناوه‌ندی هه‌ر دوو جێگرانی سكرتێری گشتی یه‌كێتی و ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه،باڵی ده‌سترۆیشتووی یه‌كێتی به سه‌رپه‌رشتی هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د به قۆرخكردنی بڕیار و به بنه‌ماڵه‌كردنی یه‌كێتی ناوبرد و دژی قۆرخكاری و به هه‌ده‌ردانی سه‌روه‌ت و سامانی میلله‌ت و یه‌كێتی تۆمه‌تباریان كرد.
له‌و كاته‌وه تا ئێستا كێشه‌ی نێوان ئه‌و دوو باڵه به‌رده‌وامی هه‌یه،جگه له‌وه‌ی چه‌ند جارێك سه‌ركرده‌كانی هه‌ر دوو باڵه‌كه چه‌ند دیدارێكیان دوور له چاوی میدیاكان ئه‌نجامداوه،هیچ پێشڤه‌چوونیك له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوانیان به‌دینه‌هاتووه.
سه‌ره‌ڕای هه‌وڵێكی زۆری كۆماری ئیسلامی ئێران و ناردنی چه‌ندین شاند بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، به‌ڵام نه‌توانرا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی یه‌كگرتوو له نێوان هه‌ر دوو باڵه‌كه‌دا دروست بكرێت و سه‌ره‌نجام باڵی ده‌سترۆیشتووی یه‌كێتی به ناوی زۆرینه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی و به‌بێ باڵی ناوه‌ندی بڕیار كۆبوونه‌وه.
ئیستاش كه پارتی دیموكراتی كوردستان وه‌ك به ده‌نگه‌وه‌چوونی په‌یامه‌كه‌ی"مه‌سعوود بارزانی" سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیان به سه‌ردان و دانوستان كردووه له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان، هێشتا روون نییه ئه‌و دوو باڵه پێكه‌وه له‌گه‌ڵ شانده‌كه‌ی پارتی كۆده‌بنه‌وه یان به جیا له‌گه‌ڵیان داده‌نیشن.
ته‌نانه‌ت ناكۆكییه‌كانی ئه‌و دوو باڵه گه‌یشته ئاستی ئه‌وه‌ی رێككه‌وتنه سیاسییه‌كه‌ی نێوان یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه له 17/5/2016 دا به ئاماده‌بوونی خودی جه‌لال تاڵه‌بانی و نه‌وشیروان مسته‌فا و جێگرانی سكرتێری گشتی واژوو كرا، به‌هۆی سه‌ركێشانی كێشه ناوخۆییه‌كانی نێوان ئه‌و دوو باڵه‌وه دووچاری ئاسته‌نگ ببێته‌وه و كاری لیژنه‌كانی نێوان هه‌ر دوو لایه‌نه‌كه‌شی وه‌ستان كه بۆ جێبه‌جێكردنی ریككه‌وتنه‌كه‌ی نێوانیان دروستیان كردبوو.