عه‌بادی به مه‌رج مووچه و بوودجه‌ی هه‌رێم ده‌دات
K24 – هه‌ولێر:
"ئاڵا تاڵه‌بانی" سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند: حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ به‌ڵێنی دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی داوه،به‌ڵام بۆ ئه‌و مه‌به‌سته مه‌رجی ئه‌وه‌بووه ده‌بێت هه‌رێمی كوردستان داهاتی به ده‌ستهاتووی نه‌وتی كه‌ركووك راده‌ستی به‌غدا بكات.
له‌و باره‌یه‌وه ئاڵا تاڵه‌بانی رایگه‌یاندووه" له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی فیدراڵ باسی بابه‌تی مووچه و میزانییه‌ی هه‌رێمی كوردستان‌مان كردووه و حه‌یده‌ر عه‌بادی ته‌ئكیدی له‌سه‌ر ئه‌وه كردووه‌ته‌وه هه‌ر كات هه‌رێمی كوردستان داهاتی به ده‌ستهاتووی نه‌وتی كه‌ركووكی راده‌ستی به‌غدا كرد،ئه‌وكات مووچه و بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌نێرن.
كێشه‌ی بڕینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان و بوودجه‌ی هه‌رێم ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای ساڵی 2014 له‌و كاته‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عێراق نوری مالیكی به بڕیارێك مووچه و بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بڕی و تا ئێستا ئه‌و كێشه‌یه به‌رده‌وامه.
ئه‌و قسانه‌ی سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له كاتێكدایه كه بڕیاره پەرلەمانی عێراق كاتژمێری 17:00 ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه پرۆژه یاسای بودجه‌ی 2017 ده‌خاته به‌ر ده‌نگدان كه دوێنی به‌هۆی ناكۆكی نێوان فراكسیۆنه سیاسییه‌كان، له‌وانه به‌شه بوودجه‌ی هه‌رێم بۆ ئه‌مڕۆ دوا خرا.
ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق به ماڵپه‌ری كوردستان24 رایگه‌یاند حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشنیارێكی سێ خاڵی بۆ دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم پێشكه‌ش كردووه له به‌رامبه‌ر راده‌ستكردنی نه‌وتی كه‌ركوك و هه‌رێم به كۆمپانیای سۆمۆ.
بڕیارە ئەمڕۆ ئەم پیشنیارەی حكومەتی ھەرێم تاوتوێ بكرێت و پێدەچێت یەكەمجار لە كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی بخرێتە بەر باس و تاوتوێ، كە بە وتەی په‌رله‌مانتار سه‌رحان ئه‌حمه‌د، پێشنیارەكەی حكومەتی ھەرێم له كۆبوونه‌وه‌ی رۆژی شه‌ممه لە لایه‌ن هاوپه‌یمانی نیشتیمانی ره‌تكرایه‌وه.
له لایه‌كی تره‌وی پرۆژه‌یه‌كی چوار فراكسیۆنی كوردی هه‌یه كه داوا ده‌كات به‌رامبه‌ر راده‌ستكردنی نه‌وتی كه‌ركوك به كۆمپانیای سۆمۆ، به‌غدا به‌شێك له مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بدات و ئه‌وه‌ی دیكه‌شی به رێگه‌ی راسته‌وخۆی فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم دابین بكرێت.
پێشنیاره‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم سێ خاڵ لە خۆ گرتووە. له خاڵی یه‌كه‌می پێشنیاری حكومه‌تی هه‌رێم هاتووه "ئاماده‌ن رۆژانه 300 هه‌زار به‌رمیلی نه‌وتی كه‌ركوك راده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات به‌رامبه‌ر پێدانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم و چاودێری كۆمه‌ڵایه‌تی".
له ماده‌ی دووه‌مدا، حكوومه‌ت هه‌رێم پێشنیاری كردووه "رۆژانه 250 هه‌زار به‌رمیلی نه‌وتی هه‌رێمیش راده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ دەكات، له به‌رامبه‌ر پێدانی 17% به‌شه بوودجه‌ی هه‌رێم".
له ماده‌ی سێیه‌مدا باس له‌وه كراوه "ئه‌گه‌ر نه‌گه‌یشتنه رێككه‌وتن ئه‌وا سه‌ردانی دادگای فیدراڵ بكرێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه".
لە پرۆژە یاسای بودجەی 2017 عێراق 17% داھاتی بەردەستی عێراق بۆ ھەرێمی كوردستان دیاری كراوە بەرامبەر رادەستكردنی رۆژانە 300 ھەزار بەرمیلی نەوتی كەركوك و 250 ھەزاری ھەرێمی كوردستان بە كۆمپانیای سۆمۆ.
داهاتی گشتی عیراق له پرۆژە یاسای بودجه‌ی 2017 به زیاتر له 79 تریلیۆن دینار خه‌مڵێنراوه و پێویستە رۆژانه 3.75 ملیۆن به‌رمیل نه‌وت ھەناردە بكات و نرخی هه‌ر به‌رمیلێكیش به 42 دۆلار دەستنیشان كراوە.