پسپۆرێک: ھەرێمی کوردستان بەشێکی پۆزەتیڤی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە

"رووسیا زۆر زیرەکانە لە رۆژئاوای کوردستان یاریی دەکات"
kurdistan24.net

K24 - واشنتۆن

سۆنێر کاگپ تای، پسپۆری تورکیا لە پەیمانگای بڕوکنگز لە واشنتۆن، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، رایگەیاند، ئێستا بەرژەوەندییەکانی کورد لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بوونەتە دوو بەرە، یەکێکیان بەرەی رۆژئاوایە کە پەیوەندی پتەوی لەگەڵ باشووری کوردستان ھەیە، بەڵام بەرەکەی دیکە بەرەی رۆژئاوای کوردستان و پەیەدەیە کە زیاتر لە رژێمی ئەسەدەوە نزیکە و زیاتر بەرژەوەندییەکانی خۆی بە رژێمی سووریاوە بەستووەتەوە، دەشڵێت، ھەرێمی کوردستان، بەشێکی پۆزەتیڤی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24، سۆنێر کاگپتای، پسپۆری تورکیا لە پەیمانگای بڕوکنگز لە واشنتۆن گوتی: "ئەوەی ئێستا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەیبینین کە دوور بەرژەوەندی جیاوازی کوردی بەریەککەوتوون، لەلایەن ھەرێمی کوردستانی عێراق ھەیە کە پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ تورکیا و وڵاتانی رۆژئاوا ھەیە. ھەروەھا پەیوەندییەکی باشیشی لەگەڵ ئەمریکا ھەیە لەشەڕی داعش و ھەرێمی کوردستان بەشێکی پۆزەتیڤی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستن، بەڵام لە رۆژئاوای کوردستان رەوشێکی ئاڵۆزتر ھەیە. لەبەرئەوەی کوردانی سووریا، بەشێوەیەکی گشتی ھەر لەگەڵ رژێمی ئەسەد کار دەکەن و ئەمەش وایکردووە کە رووسیا زۆر زیرەکانە لە رۆژئاوای کوردستان یاریی بکات، ئەمەش بەوەی تورکیا، کورد و رژێمی سووریا لەدژی یەکتری بەکاربێنێت، بۆیە ھەر سێ لایەنەکە چاویان لە رووسیایە و مۆسکۆش، بەردەوام ھەر سێ لایەنەکەی لەخۆی نزیککردۆتەوە، بێ ئەوەی بە تەواوەتی داواکانیان جێبەجێ بکات".