ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران تاوتوێ دەكرێت

سەركونسوڵی ئێران لە ھەولێر: دەبێ جموجۆڵی بازرگانی لە حاجی ئۆمەران زیاتر بكەین
kurdistan24.net

K24 - حاجی ئۆمەران

مورتەزا عەبادی سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ھەولێر سەردانی قەزای چۆمان و دەروازەی سنووری نیودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانی کردو لەگەڵ قایمقامی چۆمان و بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دەروازەی سنووری سەبارەت بە فراوانکردنی ئاڵوگۆرە ‌بازرگانی و گەشتیاریەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران کۆبوونەوە.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا مورتەزا عەبادی سەرکونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران  لە ھەولێر رایگەیاند: "كۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەندی باشی ئابووری لەگەڵ ھەرێمی كوردستان ھەیە، سەبارەت بە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران دەمانەوێت ئەو دەرفەتەی ھەیە زۆرلەوە زیاترە كە ئێستا كەڵكی لێوەردەگیرێت، دەبێ رێكارێك بدۆزینەوە بۆ ئەوەی ئەو سنوورە دووھێندە چالاكی و جموجۆڵ لەو سنوورە بەرزبكەینەوە".

مەسعوود باتێلی سەرپەرشتیاری كۆمەڵگای سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران گوتی: "یەكێك لە كێشەكانی ئێمە لەگەڵ ئێران ئەوەیە رێگەنادەن باری ترانزێتی دەرەوە لێرە بێتە ھەرێمی كوردستان، ھەروەھا رێگەنادەن تانكەری عێراقی بچێتە ئێران، جگە لەوە لە رووی گەشتیاریەوە ھەندێك كێشەمان لەگەڵ ئێران ھەیە".

دەروازەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لەساڵی 2008 بۆتە یەکێک لەو سێ دەروازەسنوورییە  فەرمیانەی  نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، کە رۆژانە بەشیوەیەکی بەرفراوان ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیاری لە نێوان ھەردوولادا لێوە ئەنجامدەدرێت.