لە دووساڵدا رێژەی بێکاری لەھەرێمی كوردستان دووھێندە زیادیكردووە

رێژەی بێکاری لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە14%
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بە پێی نوێترین ئامار 14% دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان بێکارن، ئەم رێژەیەش لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو بۆ دووبەرانبەر زیادیکردووە، چونکە تا کۆتایی ساڵی 2013 رێژەی بێکاری لە ھەرێمی کوردستان تەنھا 6% بووە، بە بڕوای شارەزایانیش تێکچوونی ژینگەی وەبەرھێنان و خراپی باری ئابووری و وەستانی پڕۆژەکان، ھاوکات ھاتنی بە لێشاوی ئاوارەکان ھۆکاری سەرەکین بۆ زیادبوونی رێژەی بێکاری لەنێوان دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24، مەحموود عوسمان بەڕێوەبەری گشتی ئاماری پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: "بێكاری لە ھەرێمی كوردستان تا كۆتایی ساڵی2013 رێژەكەی 6.6% بوو، ئێستا بووەتە 14%، یەكێك لە ھۆكارە سەرەكییەكان ھارتنی ئاوارەكانە بۆ ھەرێمی كوردستان، چونكە ئاوارەكان بە پارەیەكی كەمتر كاردەكەن".

كرێكارێك لە شاری سلێمانی كە چاوەڕێ بوو خاوەنكارێك بیباتە سەركار بۆ كوردستان24 گوتی: "كار زۆركەم بووەتەوە، ئێرانی و عەرەبەكان نانی ئێمەشیان بڕیووە، سێ رۆژە چاوەڕێم ئیش نییە".