لە کوردستان کارگەیەکی پێشکەوتووی درووستکردنی ئارد نییە

95% پێداویستی ئاردی ھەرێمی كوردستان لە تورکیاوە ھاوردە دەکرێت
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

تا ئێستا لەھەرێمی کوردستاندا کارگەیەکی تایبەت بە دروستکردنی ئاردی نان بوونی نییە و 95% ئەوئاردانەی لە بازاڕەکاندا بوونیان ھەیە لە وڵاتی تورکیاوە ھاوردە دەکرێن، بازرگانانی ئاردیش  باس لەوە ‌دەکەن پێویستیان بە پاڵپشتی حکوومەتە بۆ ئەوەی بتوانرێت کارگەی باش دابمەزرێت پێداویستی ناوخۆ پڕبکاتەوە.

حاجی عوبێد بازرگانی ئارد لەو شاری ھەولێر بە كوردستان24 گوت: "لە ساڵانی نەوەدەكان لە ھەولێر ئارد لەناوخۆ دروست دەكرا، بەڵام ئێستا زۆربەی ئارد لە دەرەوەی دێت، 95% ئاردی ھەرێمی كوردستان لە توركیاوە ھاوردە دەكرێت".

ئەمە لەكاتێكدایە لە کۆی3 ملیۆن و 311 ھەزار دۆنم زەوی کە تەرخانکراوە بۆ چاندنی گەنم لە ھەرێمی کوردستان، کەچی تا ئێستا نە توانراوە پارچەیەک زەوی تەرخان بکرێت بۆ دامەزراندنی کارگەیەکی تایبەت بە ردوستکردنی ئاردی نان، تا لەو رێگایەوە بتوانرێت سوود لەبەرھەمی ناوخۆ وەربگیرێت و ھەلی کاریش بۆ ھەزاران کەس بڕخسێنرێت.