توركیا هێزێكی زیاتر بۆ رۆژئاوای كوردستان رەوانە دەكات

یەكەیەكی زرێپۆش و تیمی پوچەڵكردنەوەی مین و كۆماندۆی توركیا بۆ ناحیەی باب رەوانە كران

K24 – ھەولێر

توركیا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قه‌ڵغانی فورات و بەردەوامی ھێرشەكانی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، ھێزێكی زیاتر لە یەكەی زرێپوش و تانك  و تیمی پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی مین و كۆماندۆ بۆ ناحیه‌ی باب ره‌وانه‌ كرد.

به‌پێی هه‌واڵێكی رۆژنامه‌ی جمهوورییه‌ت، هه‌فته‌یه‌ك پێش ناردنی ئەو هێزە، ژماره‌یه‌كی زۆری چه‌كدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا بۆ ناوچه‌ی باب ره‌وانه‌ كراون.

كۆماندۆوه‌كان توركیا بۆ شه‌ڕی كوڵان بۆ باب نێردراون و بۆ ئه‌م مه‌به‌ستەش‌ راهێنانیان پێكراوه‌.

توركیا ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی به‌ هاوكاری له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی ئۆپۆزسیۆنی سونه‌ و توركمان بچێته‌ ناو ناحیه‌ی باب كه‌ پێشتر له‌ لای منبج و هه‌روه‌ها رۆژئاوای باب پێشی به‌ چوونی هێزه‌ كوردییه‌كان  بۆ باب گرتووه‌.

توركیا له‌ رۆژی 24 ئابی رابردوو له‌ چوارچێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی فورات به‌ هاوكاری چه‌كدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا هێرشی كرده‌ سه‌ر ناوچه‌كانی رۆژئاوای كوردستان نێوان عه‌فرین و كوبانێ و ئامانجیشی پێشیگرتنه‌ به‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ ناوچه‌ كوردییه‌كان، هه‌رچه‌نده‌ له‌ سه‌ره‌تادا رایگه‌یاندبوو بۆ دووركردنه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعشە له‌ سنووره‌كانی.

سه‌رۆكی كۆماری توركیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان چه‌ند رۆژ به‌ر له‌ ئێستا رایگه‌یاند ئامانجیان له‌ چوونه‌ ناوه‌وه‌ی سوریا بۆ روخاندنی ده‌سه‌ڵاتی به‌شار ئه‌سه‌ده‌ كه‌ به‌ سته‌مكار ناوی برد.

پاش به‌ده‌نگه‌وه هاتنی روسیا كه‌ داوای رونكردنه‌وه‌ له‌ ئه‌نقه‌ره‌ كردبوو، ئه‌ردۆغان له‌ قسه‌كانی پاشگه‌ز بووه‌وه‌ و رایگه‌یاند بۆ شه‌ڕی دژی تیرۆر له‌ سوریان، نه‌ك شتێكی دیكه‌.

هه‌ر له‌ ناوچه‌ی باب سه‌ربازێكی تورك له‌ ئه‌نجامی هێرشێكی داعش كوژرا و 13 دیكه‌شی بریندار بوون.

پاش ئه‌م هێرشه‌، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ھێرشیان كردە سەر ئامانجەكانی داعش لە باب و سوپای توركیا باس لە كوژرانی 23 چەكداری داعش لەم ھێرشەدا داعش دەكات.