گەنجێکی كورد رۆبۆت دروست دەكات

بە رۆبۆت رووبەڕووی دزیکردن دەبێتەوە
kurdistan24.net

K24 - شرناخ

لە باکووری کوردستان ھەرچەندە شەڕ و ئاڵۆزی بەردەوامبێت، بەڵام گەنجان ھەوڵدەدەن ئەگەر کەمیش بێت خۆیان لەو دۆخە ئاڵۆزە دوور بخەنەوە، لە شاری شرناخ گەنجێک بە داھێنانێکی سەرنجی ھاووڵاتیان راکێشاوە، ھەرچەندە ئەو پیشەی جوتیارە، بەڵام رۆبۆتێکی درووستکردووە بۆ پاراستنی ماڵەکەی لە دزیکردن.

عەبدوڵڵا ئۆچار ھاووڵاتیەكی دانیشتووی شاری شرناخی باكووری كوردستانە، كاری رۆژانەی ئەو جوتیارییە، بۆ پاراستنی ماڵەكەی لە دزیكردن رۆبۆتێك دروست دەكات، ئەو گەنجە تا قۆناغی ناوەندی خوێندووە و دواتر وازی لە خوێندن ھێناوە و سەرقاڵی جوتیاری و كاری ئەلكترۆنی دەبێت.

لە لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 عەبدوڵڵائۆچەر گوتی: "ئەو رۆبۆتە لەسەر ئەركی خۆم دروستم كردووە، لە ھەردوولاوە وێنە تۆمار دەكات و ھۆشداریش دەدات، لەكاتی بارانبارین بۆ ئەوەی تەڕ نەبێت بەخۆی چەتر دەكاتەوە".

باس لەوەش دەكات: "یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی رۆبۆتەكە ئەوە، ئەگەر دز ھاتە سەرماڵ جگە لە لێدانی زەنگی ئاگاداركردنەوە، تەلەفۆن بۆ خاوەن ماڵ دەكات".