تا ئێستا نەوت بەسەر قوتابخانەكانی ناوچە شاخاوییەكان دابەشنەكراوە

مامۆستایەك: رۆژانە قوتابیان داوای سۆپای زیاتر دەكەن
kurdistan24.net

K24 - سۆران

بەھۆی ھاتنی وەرزی زستان و سەرماو سۆڵە، خویندنگاکانی ناوچە شاخاوییەکان بەھۆی دابیننەکردنی بڕی نەوتی پێویست بۆیان، رووبەڕووی ئاریشەی کەمی نەوت بوونەتەوە.

مامۆستا ئەرسەلان ئەحمەد بەڕێوبەری قوتابخانەی نموونەی سۆران بە كوردستان24 گوت: "تا ئێستا بڕی نەوتی ساڵانە بەسەر قوتابخانەكان دابەش نەكراوە، ئێستا كەشوھەوا لە ناوچەكەمان زۆر ساردوبووە، چونكە چیاكانی دەروروبەری شار بەفریان لێ باریووە، قوتابیان لە سەرمان ھەموو رۆژ داوای سۆپای زیاتر دەكەن".

عەزیز سەعید بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆران بە كوردستان24 راگەیاند: "بڕێک سوتەمەنی ساڵی رابردوو لەکۆگای پەروەردەکەمان ماوەو ھەوڵەکانیشمان بۆ دابینکردنی بڕی نەوتی پێویست بەردەوامە، ھەفتەی رابردووش لە وەزارەتی پەروەردە داوای نەوتمان كردووە، بەڵێنیان پێداوین لە ماوەیەكی نزیكدا نەوت بۆ سنووری پەروەردەكەمان بنێرن".