بە ڤیدیۆ..چیرۆكی ھاووڵاتیەكی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت لە مووسڵ

"چوار رۆژە بۆ وەرگرتنی چەند لیتر گازێك لێرە وەستاوم"
kurdistan24.net

K24 – مووسڵ

جەنگ جگە لە چیرۆكی كوشتن و وێرانكاری چەندین چیرۆكی ھەژاری و نەھامەتی ژیان لە دوای خۆیی جێدەھێڵێ، لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی مووسڵ چەند گەڕەكێك لە دەستی داعش رزگاركراون، بەڵام ھێشتا ھاووڵاتیانی ئەو گەڕەكانە لە رووبەڕووبونەوەدان بۆ دەستكەوتنی نان و سوتەمەنی، چیرۆكی فازڵی تەمەن 62 ساڵ كە ھاووڵاتیەكی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ته‌، ئاماژەیە بۆ سەختی ژیانی خەڵكی مووسڵ.

فازڵ ھاووڵاتیەكی كەمئەندامی دانیشتووی گەڕەكی قاھیرەی شاری مووسڵە، رۆژانە نزیكەی 4 كیلۆمەتر بە پیادەڕۆ بە شەقەكانی دەستی دەبرێت تا بگاتە شوێنی دابەشكردنی سوتەمەنی بۆ وەرگرتنی چەند لیترێك نەوت و گاز، بەڵام ھەندێك جار دوای چاوەڕێی زۆر خۆیی و دەبەی بەتاڵی دەستی دەگەڕێتەوە و ماڵەوە و سوتەمەنی بەرناكەوێت".

فازڵ بە كوردستان24 گوت: "ماوەی چوار رۆژە بۆ وەرگرتنی چەند لیتر گازێك لێرە وەستاوم، ئەو كەسانەی لێرەن خەڵكی گەڕەكە ئازادكراوەكانی مووسڵن، لە بەیانیەوە تا ئێوارە لێرە چاوەڕێ دەكەین بۆ وەرگرتنی چەند لیترێك گاز، جگە لە سەرما و برسیەتی ھیچمان دەست ناكەوێت و بە دەستی بەتاڵ دەگەڕینەوە ماڵەوە".