عه‌بدولخالق مه‌سعوود له رێگه‌ی كوردستان24ـه‌وه موژده‌یه‌ك راده‌گه‌یه‌نێت
K24 ـ هه‌ولێر
له ئێستادا فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق به سه‌ركردایه‌تی سه‌رۆكه كورده‌كه‌یان هه‌وڵێكی زۆر ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئابلوقه‌ی وه‌رزشی له‌سه‌ر عێراق و كوردستان هه‌ڵبگرن، له دوایین لێدوانیشدا عه‌بدولخالق مه‌سعوود موژده‌یه‌كی هیوابه‌خشی به كوردستان24 راگه‌یاند.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه، 10 كانوونی یه‌كه‌می 2016، عه‌بدولخالق مه‌سعوود سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان24 ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه له 15ـی ئه‌م مانگه لێژنه‌یه‌ك له فیفا بۆ پشكنینی یاریگه‌كانی كوردستان و عێراق سه‌ردانی سه‌ردانی شاره‌كانی هه‌ولێر، كه‌ربه‌لا و به‌سرا ده‌كات.
عه‌بدولخالق مه‌سعوود ده‌شڵێت: یاریگه‌ی هه‌ولێر هیچ كێشه‌یه‌كی نییه، به‌شێك له یاریگه‌كه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی له مه‌رجه‌كانی فیفا رزگاری بێت ئێستا ده‌ست به نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی كراوه.
له لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه بڕیاره سبه‌ی یه‌كشه‌ممه، عەبدولحوسێن عەبتان وەزیری وەرزش و لاوانی عێراق پێش هاتنی لیژنه‌كه‌ی فیفا سەردانی یاریگای فرانسۆ ھەریری بكات.
مانگی رابردوو عه‌بدولخالق مه‌سعوود به مه‌به‌ستی هه‌ڵگرتنی ئابلوقه‌ی وه‌رزشی له‌سه‌ر عێراق سه‌ردانی سویسرای كرد و له‌گه‌ڵ جیان ئینفانتینۆی سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی كۆبووه‌وه، سه‌رۆكه كورده‌كه فیفای له سه‌لامه‌تی ئاسایش و مه‌رجه‌كانی یاریگه‌كانی كوردستان دڵنیا كردۆته‌وه.