چیرۆكی دابڕانی چوار خوشك و دوو برا له دایك و باوكیان
K24 - ههولێر:
ئاوارهکانی نیشتهجێی كهمپهكان ههر یهكەیان دهیان چیرۆكی دڵههژێنیان له ناخدا ههڵگرتووه بههۆی ئهو مهینهتیانهی بهدهستی چهكدارانی داعش چهشتوویانه، لهم راپۆرتهدا چیرۆكی دابڕانی چوار خۆشك و دوو براتان بۆ دەگێڕینەوە كە ماوەیەكی زۆرە لە دایك و باوكیان دابڕاون.
دڵتەنگی و بێزاری بە رووخساری ھەموویانەوە دیارە، چوار خوشك و دوو برا ماوەی سێ ساڵە لە دایك و باوكیان دابڕاون و ئێستا لە كەمپی حەسەن شامن، بەھیوای ئەوەن جارێكی دیكە بە بینینی دایک و باوکیان شادببنەوە.
بەحری یونس، ئاوارەی مووسڵ، دهڵێت: "باوکم لە ترسی شەڕەکە ئێمەی ناردە مووسڵ، ئێمە دوو ساڵ و نیو لە مووسڵ بووین و دایک و باوکیشم لە شێخان مابوونەوە، چوینە مووسڵ و لە ماڵی مامم هەموومان لەیەکتر جیابووینەوە، دایکم زۆر بۆ ئێمە بەپەرۆش بوو و لە ترسی داعش ئێمە ناردە ئەوێ، سێ ساڵە نەمبینیوە، ئەوکاتانەم بیردێتەوە کە چوینە ناو ئۆتۆمبێل و خواحافیزیمان لێکرد، ھەموو كات بیر لەوە دەكەمەوە بڵێی رۆژێك بتوانم دایكم ببینمەوە".
برای گەورەی ئەم كچانە باس لەوە دەكات كاتێك لە مووسڵ لەگەڵ كچێكی ئاموزای بووە لە لایەن داعشەوە دستگیر کراوە و بە تۆمەتی ئەوەی نامەحرەمن بە یەكتر و ناچاری دەكەن ماوەی 20 رۆژ لە سەر شەقامەكان بخەوێت و لە بەرامبەریشدا كرێی شەقامەكەشیان لێ وەرگرتووە ئەویش رۆژی 50 ھەزار بووە، دواترھەڵات و خۆشكەكانی دەرباز کرد.
نەهامەتییەکانی خەڵکی بەدەستی داعش لێرە کۆتاییان نایەت، هەرچەند ناوچەی زیاتر لە بندەستیان رزگار دەکرێت چیرۆکی دڵتەزێنتر و خەمناکترین دەبیستین، قوربانییەکانیش نزا دەکەن ئەوەی بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ناچار نەبن ئەو تاڵییە بچێژن.