پارتی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان دەست پێدەكاتەوە

شاندی پارتی لەگەڵ بەرەی توركمانی لە كۆبوونەوەدان

K24 – ھەولێر

شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان دەست بە گفتوگۆ دەكاتەوە بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی ھەرێمی كوردستان و ئەمڕۆش لەگەڵ بەرەی توركمان لە ھەولێر كۆدەبێتەوە.

ئاراس ئەحمەد پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "كەمێك پێش ئێستا شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرپەرشتی فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی گەیشتە بارەگای بەرەی توركمانی لە ھەولێر".

بریاریشە لە چەند رۆژی داھاتووشدا شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان سەردانی سلێمانی بكات و لەگەڵ شاندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان كۆببنەوە بە ئامانجی گفتوگۆكردن بۆ چارەسەری دۆخی ھەرێمی كوردستان.

دوای ئەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان پەیامێكی ئاراستەی لایەنە سیاسییەكان كرد و داوایكرد گفتوگۆ بكەن بۆ چارەسەری كێشەكان و گۆڕانكاری لە دامەزراوەكانی ھەرێمی كوردستان، شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان جەولەیەكی دیكەی گفتوگۆی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان دەستپێكردووە.