كەسوكاری شەھیدان سكاڵا دژی پەرلەمانتارەكەی گۆڕان تۆمار دەكەن

لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی كوردستان گردبوونەوە دژی گوتەكانی سروە عەبدولواحید بەڕێوەدەچێت
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

ناڕەزایەتی دژی گوتەكانی سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری گۆڕان بەرفراوان دەبێت و ئەمڕۆ لە چەند شار و شارۆچكەیەكی ھەرێمی كوردستان خۆپێشاندان دژی ئەو پەرلەمانتارە بەڕێووە دەچێت، كەسوكاری شەھیدانیش سكاڵای یاسای دژی سروە عەبدولواحید تۆمار دەكەن.

ھێرۆ مەولودی پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "ژمارەیەكی زۆری كەسوكاری شەھیدان لە ھەولێر و دەوروبەری لەبەردەم سەرۆكایەتی داواكاری گشتی لە ھەولێر كۆبوونەتەوە، جگە لە شەرمەزاركردنی گوتەكانی ئەو پەرلەمانتارەی گۆران سكاڵای یاسای لە دژی تۆمار دەكەن".

گوتیشی: "ھاوكات نوێنەری 15 رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی بەشداریان لە گردبوونەوەكە كردووە، بەیاننامەیەك لەبارەی گوتەكانی ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئاراستەی رای گشتی دەكەن و سكاڵای یاسای لە داواكاری گشتی تۆمار دەكەن".

گردبوونەوەی كەسوكاری شەھیدان لە ھەولێر دژی گوتەكانی پەرلەمانتارێكی گۆڕان

نیعمەت مارۆنسی پەیامنێری كوردستان24 لە دھۆك رایگەیاند: "چین و توێژە جیاجیاكانی دھۆك و كەسوكاری شەھیدان لەشاری دھۆك لەبەردەم دادگای دھۆك كۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی سكاڵای یاسای دژی سروە عەبدولواحید تۆمار بكەن".

كەسوكاری شەھیدان لە دھۆك ئەوە دەخەنەڕوو: "گوتەكانی ئەو پەرلەمانتارە ھەستی ئێمەی برینداركردووە، بۆیە لە دادگا سكاڵای یاسای لە دژی تۆمار دەكەین".

ئامینە زكری جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "وەك كچی پێشمەرگە و كەسوكاری شەھیدان، ھاتووین یاسا بكەینە قەلغان بەرامبەر ئەو كەسانەی بێڕێزی بەرامبەر پیرۆزییەكانی كوردستان دەكەن".

گردبوونەوەی خەڵكی دھۆك دژی گوتەكانی پەرلەمانتارێكی گۆڕان

ھاوكات كەسوكاری شەھیدان و چین و توێژەكانی دەڤەری سۆران دژی گوتەكانی سروە عەبدولواحید لەبەردەم دادگای سۆران گربوونەوە.

تەیفور محەمەد پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "كەسوكاری شەھیدانی دەڤەری سۆران و ژمارەیەكی زۆر لە چین و توێژەكانی ناوچەكە لەبەردەم دادگای سۆران گردبوونەتەوە، سكاڵا دژی پەرلەمانتارەكەی گۆڕان تۆمار دەكەن".

گردبوونەوەی كەسوكاری شەھیدان لە دەڤەری سۆران دژی گوتەكانی پەرلەمانتارێكی گۆڕان

چەند رۆژێك لەمەوبەر سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان لە كەناڵێك سوكایەتی بە كەسوكاری شەھیدان كردووە، ئەمەش ناڕەزایەتی بەرفراوانی خەڵكی كوردستانی لێكەوتەوە.