كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لى خه‌ڵات ده‌كرێت
K24 – هه‌ولێر:
خه‌ڵاتى (پێگاسۆی زێڕین) كه خه‌ڵاتێكى ساڵانه‌یه (رێكخراوی كۆڕبه‌ندی ماندێلا) له ناو فێستیڤاڵێكی ساڵانه‌ی هه‌رێمى تۆسكاناى وڵاتى ئیتاڵیایدا هه‌ر ساڵه‌ی ده‌درێت به یه‌كێك له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی پارێزگارى و پاڵپشتى مافی مرۆڤ ده‌كه‌ن، ئه‌مساڵ ( كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی) وه‌ك جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و خه‌ڵاته دیاریكراوه.
به گوێره‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه سكرتێری رۆژنامه‌وانی (كوسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی) بۆ كوردستان24 ناردووه ئاماژه به‌وه‌كراوه كه " هۆكاری به‌خشینی خه‌ڵاته‌كه به ناوبراو له به‌رامبه‌ر به‌شداری كارا و راسته‌وخۆیه‌تی له به‌ره‌كانى جه‌نگى دژ به تیرۆر و هه‌وڵه‌كانى بۆ به‌رقه‌راربوونى ئاشتى و دیموكراسی و مافی مرۆڤ".
بڕیاره له 13/12/2016 له هه‌رێمی تۆسكانای وڵاتى ئیتاڵیا به ئاماده‌بوونى ئێنریكۆ رۆسی سه‌رۆكى هه‌رێمى تۆسكانا و مه‌راسیمى خه‌ڵاتكردنه‌كه سازبكرێت و فیلمێكى دۆكیۆمێنتاریش له‌سه‌ر ژیانى ناوبراو نیشان بدرێت.
فێستیڤاڵه‌كه له ساڵی 1997 وه ساڵانه ئه‌نجام ده‌درێت،چه‌ندین چالاكی جۆراوجۆری هونه‌ری و كلتووری تێدا پێشكه‌ش ده‌كرێت و قوتابیانی هه‌رێمی تۆسكانای ئیتالیا له‌و چالاكییانه‌دا به‌شداری ده‌كه‌ن.