مامۆستایانی ناڕازی دەخوازن داواكارییەكانیان بە سیاسی نەكرێت

سەركردەیەكی یەكێتی: تەنھا یەكێتی لە سلێمانی بەرپرس نییە
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

مامۆستایانی ناڕازی داوادەکەن لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان ئاراستەی داواکارییەکانی مامۆستایان بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەکارنەھێنن و رێڕەوی خۆپیشاندان و داخوازی مامۆستایان نەگۆڕن، ھەروەھا دەستەی مامۆستایانی ناڕازی داوا دەکات داواکاری مامۆستایانیش لە بەغدا نەکەنە دەستکەوتی سیاسی خۆیان، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیش رەتیدەكاتەوە لە سلێمانی بەرپرسیاریەتی تەنھا لە ئەستۆی یەكێتی بێت.

چەندین جار مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی لە بەیاننامە و كۆنگرەی رۆژنامەوانیدا جەختیان لەوەكردووەتەوە كە داواكانی ئەوان بۆ مەرامی سیاسی بەكارنەھێندرێ و ھیچ لایەنێكی سیاسی نەیكات بە دەستكەوت بۆخۆی، بەڵام بەڕای ژمارەیەك لە مامۆستایان و ھاووڵاتیان ھەندێك لایەن ھەوڵدەدەن بەرپرسیاریەتی لەسەرشانی خۆیان لابەن و داواكانی مامۆستایانیش بۆ مەرامی سیاسی خۆیان بەكاربێنن.

سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "دۆخەكە ھاوبەشە یەكێتی نیشتمانی كوردستان ھەرگیز بیر لەوەناكاتەوە كە لایەنەكانی دیكە بەرپرس نەبن لە سلێمانی، ھەموو لایەنەكان بەرپرسن و دەبێ بڕیارێكی ھاوبەش بدرێت و مووچەی خەڵك دابین بكرێت.

ئەشواق جاف ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بە كوردستان24 گوت: "ھەقە مامۆستا و فەرمانبەران لایەنە سیاسییەكان دووربخەنەوە و بەردەوام بن لە داواكاری بۆ مافەكانیان، ھیوادارم حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گوێ لە مامۆستا و فەرمانبەرانی نارازی بگرێت، بۆ ئەوەی رێگری بكات لەوەی ھێزێكی سیاسی داواكانی ئەوان بۆ خۆیی بەكار بھێنێ".