لە ماوەی یەك ساڵ زیاتر لە 5 ھەزار پەناپەر گیانیان لەدەستداوە

رۆژی جیھانی كۆچبەران

K24 - ھەولێر

دوای جەنگی جیھانی دووەم و ئاوارەبوونی ملیۆنان ھاوڵاتیان، وایکرد، کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بیر لە رێکخراو و دامەزراوەیەک بکاتەوە کە پەناخوا ز و ئاوارە لە خۆ بگرێت و داکۆکی لە مافەکانیان بکات. ساڵی 1951، دەستەیەکی چاودێری دۆخی پەناخواز و ئاوارەکان لە ئەوروپا دامەزرا و بە بناغەی ئاژانسی نێودەوڵەتی کۆچ، (ئای ئۆ ئێم) "ئەنتەرناشناڵ ئۆرگەنایزێیشن فۆر مایگرێیشن" دادەندرێت.

لە مێژووی تۆمارکراو و زانراوی مرۆڤایەتی، ھۆکارەکانی کۆچکردن و پەنابردنە بەر وڵِات و شوێنی دیکە، بریتی بوون لە ھۆکاری سیاسی، ئابووری، چەنگ، کێشەی کۆمەڵایەتی و ئەکادیمی و پەروەردەیی و چەند ھۆکارێکی دیكە.

بە پێی زانیارییەکانی مایگریشن پۆلیسی ئئینستیتوت، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ریزی پێشەوەی وەرگرتنی پەنابەر و ئاوارەکان دێت بە کەیسی جیاجیا. لە 65 ساڵدا، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زیاتر 50 ملیۆن کەسی وەرگرتووە و ئەو ولاتە یەکگرتووانە ھەڵبژاردنێکی ئەلیکترۆنیشیان ھەیە تایبەت بە وەرگرتنی ئەو کەسانەی خواستی ھاووڵاتیبوونی ئەو وڵاتەیان ھەیە و ساڵانە زیاتر لە 50 ھەزار کەس تەنھا لەو رێگەیەوە روودەکەنە ئەمریکا.

پەنابەران لە سنووری تەلبەندكراوی نێوان توركیا و بولگاریا

ئێستا لە ھەر کات زیاتر، دیاردەی کۆچ بەربڵاوترە و لە ماوەی 2 ساڵی رابردوو، سەرەرای گۆڕانی ژمارەکان، نزیکەی 3 ملیۆن کەس لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، روویان کردوەتە ئەوروپا بە تەنھا، زۆربەشیان لە رێگەی تورکیا و یۆنان و دەریای ناوەڕاست روویان کردوەتە وڵاتانی ئەوروپا.

رێژە و ژمارەی ئەو پەناخوازانەشی گیانیان لە دەستداوە، تەنھا لە ساڵی 2016 دا زیاتر لە 5 ھەزار پەناخواز گیانیان لەدەستداوە و ژمارەکە بەراورد بە ساڵی 2015، دوو ئەوەندە زیادیکردووە، تەنھا لە دەریای ناوەڕاست 4700 کەس گیانیان لەدەستداوە، خنکاوون یان بێ سەروشوێن بوونە.

لە وڵاتانی ئەوروپاش، تا ئێستا یۆنان و ئیتاڵیا لە پێشەوەی ئەو وڵاتانەنە کە لەم دوو ساڵەی دوایدا و دوای سەرھەڵدانی داعش، پەناخوازان روویان تێکردوون و لەو وڵاتانە گیریان خواردووە، چونکە وڵاتانی ئەوروپا ناتوانن ژمارەی زیاتر وەبگرن.ھەروەھا، ئەمریکا لەوەش پلەی یەکەمە کە کەمترین ھاووڵاتی ئاوارە بووە و وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکای باشوریش دیاردەی کۆچ تێیاندا بەربلاوترینە و زۆربەی ھۆکارەکانیش سیاسی و جەنگ و تیرۆرە.

پەنابەران ھەموو رێگا مەترسیدارەكان دەگرنەبەر بۆ ئەوەی بگەن بە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكا

ھەرچەندە کە ئەمریکا لە وەرگرتنی پەناخواز و ئاوارە سیاسییەکان لە پلەی یەکەمدایە و ئەڵمانیا بە پلەی دووەم دێت، بەڵام ھەرێمی کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی دانیشتووانی و بە بەراورد لەگەڵ ئەو وڵاتانەی لە کاتێکی پێوانەیی زۆرترین پەناخواز روویان تێکردووە، کوردستان لە پلەی یەکەمە و نزیکەی 2 ملیۆن کەسە و نزیکەی دوو لەسەر پێنجی دانیشتوانی کوردستان پەناخواز و ئاوارەن. ھاوکات، ژمارەی پەنابەر و ئاوارە کوردەکانیش، 5 ملیۆنی تێپەڕکردووە.