دوو لیوای حه‌شدی شه‌عبی له كورده‌كانی كه‌ركووك و دووزخورماتوو درووست ده‌كرێت به‌شێك له ئه‌ندامه‌كانی كادیرانی یه‌كێتین

K24 – هه‌ولێر:
دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی درووستكردنی دوو لیوای حه‌شدی شه‌عبی له هه‌ر دوو پارێزگای كه‌ركووك و سه‌ڵاحه‌ددین كه سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌كانی كوردن،هۆشداری ده‌درێت له‌باره‌ی په‌یوه‌ندیكردنی ئه‌ندامانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌و دوو لیوایه‌وه.
میدیایه‌كی عێراقی(سكای پرێس) له زاری به‌رپرسانی ناوچه‌كه‌یان گواستووه‌ته‌وه" ئه‌گه‌ری ئه‌وه له ئارادایه به‌شێكی زۆری ئه‌ندامانی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان په‌یوه‌ندی به‌و دوو لیوایه‌ی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه بكه‌ن كه ده‌نگۆی درووستكردنی بڵاوبووه‌ته‌وه و به‌رپرسێكی یه‌كێتیش رایده‌گه‌یه‌نێت رێگه‌مان له‌و هه‌وڵانه گرتووه".
لای خۆیه‌وه ئاسۆ مامه‌ند ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركووكی ئه‌و حزبه ره‌تیكردووه‌ته‌وه كه دوو لیوای حه‌شدی شه‌عبی له ناوچه‌كانی كه‌ركووك و دووزخورماتوو له كورده‌كانی ئه‌و ناوچانه درووست بكرێن.
ئه‌و به‌رپرسه باڵایه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان گوتوویه‌تی" هه‌وڵ هه‌بووه بۆ دامه‌زراندنی دوو لیوای حه‌شدی شه‌عبی به‌ڵام نه‌مانهێشتووه و رێگه‌ناده‌ین هیچ لیوایه‌كی حه‌شدی شه‌عبی له ناوچه‌كانمان درووست بكرێت، به‌ڵام حه‌قمان به‌سه‌ر ناوچه شیعیه‌نشینه‌كانه‌وه نییه".
ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌كێتی به‌ڵینی ئه‌وه‌شیدا"ئه‌گه‌ر هه‌ر كادیرێكی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان په‌یوه‌ندی به حه‌شدی شه‌عبییه‌وه بكات ده‌ریده‌كات".
له لایه‌كی دیكه‌وه فارووق ئه‌حمه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری ئاسایشی دووزخورماتوو گوتوویه‌تی" لیوایه‌كی حه‌شدی شه‌عبی له شارۆچكه‌ی دووزخورماتوو درووستكراوه و به‌شێك له ئه‌ندامه‌كانی سه‌ر به یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانن".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی"لیوایه‌كی دیكه‌ش به‌هه‌مان شێوه له شاری كه‌ركووك درووستكراوه".