به‌ به‌شداری هزرمه‌ندانی "چوار نه‌ته‌وه‌" له‌ تونس "تێڕوانینی كورد" بۆ دیموكراسییه‌ت و تیرۆر ده‌خرێته‌ڕوو

سیمینارێكی بۆ چوار نه‌ته‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ به‌ به‌شداری هزرمه‌ندانی كورد و عه‌ره‌ب و توركی و ئێرانییه‌كان ده‌ستی به‌ كاره‌كانی كرد

K24 – هه‌ولێر

بۆ باسكردنی پرۆژه‌ی دیموكراسی و هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆر له‌ ناوچه‌كه‌دا،به‌ به‌شداری ده‌سته‌بژێرێك له‌ هزرمه‌ندانی كورد و عه‌ره‌ب و توركی و ئێرانی، سیمیناری چوار نه‌ته‌وه‌ی ناوچه‌كه‌ له‌ تونس ده‌ستیپێكرد.

ئه‌و سیمیناره‌ له‌ ژێر ناوی"چوار نه‌ته‌وه‌كه‌" له‌ لایه‌ن په‌یمانگای عه‌ره‌بی بۆ دیموكراسیه‌ت له‌ تونس رێكخراوه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ لێكۆڵه‌ر و چالاكوان و رۆشنبیران و سیاسی به‌شدارییان تێداكردووه‌ و رۆژی هه‌ینی ده‌ست به‌ گفتوگۆ و پێشكه‌شكردنی باسه‌كانی كراوه‌.

ئه‌و سیمیناره‌ ماوه‌ی 3 رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت و له‌ناو ئه‌و كوردانه‌ی به‌شدارییان كردووه‌،دكتۆر شێرزاد نه‌جاڕ هه‌یه‌ كه‌ هزرمه‌ندێكی هه‌رێمی كوردستانه‌ و سه‌رۆكایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ی زانسته‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم ده‌كات.

سیمیناری دیموكراسی و هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆر له‌ تونس به‌ به‌شداری هزرمه‌ندانی چوار نه‌ته‌وه‌ی ناوچه‌كه‌

به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌یه‌ك كه‌ له‌و كۆنفراسه‌وه‌ ده‌ركراوه‌ و وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان24 كه‌وتووه‌، دكتۆر شێرزاد نه‌جاڕ له‌و سیمیناره‌دا ده‌رباره‌ی دیموكراسییه‌ت و هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆر قسه‌ ده‌كات و "تێڕوانینی كورد "  ده‌خاته‌ڕوو.

شێرزاد نه‌جاڕ ئێستا پۆستی راوێژكاری خوێندنی باڵای هه‌یه‌ له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پێشتریش سه‌رۆكی زانكۆی كوردستان بووه‌ له‌ هه‌ولێر.

دكتۆر شێرزاد نه‌جاڕ یه‌كه‌م سه‌رۆكی به‌شی زانسته‌ سیاسییه‌كانی زانكۆی سه‌لاحه‌ددین و ئه‌ندامی ده‌سته‌ی راوێژكاری و نوسینی گۆڤاره‌ تیایبه‌تمه‌نده‌كان و ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی عه‌ره‌بی و عێراقی بۆ زانسته‌ سیاسییه‌كان و كۆمه‌ڵه‌ی عه‌ره‌بی بۆ ئازادییه‌ ئه‌كادیمییه‌كان بووه‌ له‌ عه‌ممان.

هه‌رێمی كوردستان به‌شێكه‌ له‌ هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا،به‌رده‌وام هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ كه‌ هێزی چه‌كداری فه‌رمی هه‌رێمی كوردستانن دژی تیرۆر له‌ جه‌نگدان و پێش زیاتر له‌ دوو ساڵ توانییان مه‌ترسی تیرۆر له‌ خاكی كوردستان دووربخه‌نه‌وه‌.

سیمیناری دیموكراسی و هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆر له‌ تونس به‌ به‌شداری هزرمه‌ندانی چوار نه‌ته‌وه‌ی ناوچه‌كه‌

هه‌روه‌ها یه‌كێكی دیكه‌ له‌ به‌شداربووانی ئه‌و سیمیناره‌، سه‌ڵاح به‌دره‌دین هزرمه‌ندێكی كوردی خه‌ڵكی قامیشلۆی رۆژئاوای كوردستانه‌ و ئه‌ویش له‌و سیمیناره‌دا ده‌رباره‌ی"دیموكراسییه‌ت و تیرۆر له‌ روانگه‌ی كورد" ه‌ وه‌ قسه‌ ده‌كات.

سه‌لاح به‌دره‌دین له‌ ماوه‌كانی رابردوودا زۆر كۆمه‌ڵه‌ی دۆستایه‌تی له‌ نێوان كورد و عه‌ره‌ب دامه‌زراندووه‌ و ئێستاش سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی دۆستایه‌تی كوردی-عه‌ره‌بی" یه‌.

به‌دره‌دین نووسه‌ری چه‌ندین كتێبه‌ له‌ نێویاندا كتێبی"ململانێكانی سووریا " رژێم-كورد-ئۆپۆزیسیۆن" و كتێبی "سیستمی هه‌رێمایه‌تی بۆ رزگاریی نه‌ته‌وه‌یی".

به‌دره‌دین رۆڵیشی له‌ به‌هێزكردنی گیانی نه‌ته‌وه‌یی ناو بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد هه‌بووه‌ و له‌ دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ رزگاریخوازه‌ عه‌ره‌بییه‌كان به‌شداری كردووه‌.

ناوچه‌ كوردییه‌كانی سوریا كه‌ رۆژئاوای كوردستانه‌، تا راده‌یه‌ك له‌ كێشه‌ و ململانێكانی پێش پێنج ساڵی ئه‌و وڵاته‌ دوور بووه‌ و له‌ مانگی ئازاری رابردووشدا  ئیداره‌یه‌كی ناوخۆیی تێدا راگه‌یێنرا.

له‌و سیمیناره‌دا كه‌ له‌ لایه‌ن هزرمه‌ندی عێراقی عه‌بدولحسێن شه‌عبان كرایه‌وه‌ و پێنج به‌ش له‌ خۆده‌گرێت، ژماره‌یه‌ك هزرمه‌ند له‌وانه‌(محه‌مه‌د شه‌حروور) له‌ سووریا (محه‌مه‌د ساڵح سه‌دیقیان) له‌ ئێران(نه‌وزاد سه‌واش) له‌ توركیا(حامد حه‌مود ئه‌لعجلان) له‌ كوه‌یت (مازن شه‌ریف) له‌ تونس به‌شدارن.

له‌و به‌شانه‌ی سیمیناره‌كه‌دا یه‌كێكیان گشتییه‌ و كراوه‌یه‌ بۆ رووماڵی میدیاكان و رۆژنامه‌نووسان ئاماده‌ی ده‌بن،به‌ڵام له‌ به‌شه‌كانی دیكه‌ی سیمیناره‌كه‌ داخراوه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌.

ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌ كه‌ به‌شدارانی ئه‌و سیمیناره‌ له‌ رێگه‌ی به‌شداریكردنیان ده‌رباره‌ی دیموكراسییه‌ت له‌ ناوچه‌كه‌ كه‌ تا ئێستا له‌ نێو ململانێیه‌كی ره‌گئاژۆدایه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن و تیشك ده‌خه‌نه‌ سه‌ر تیرۆر و هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆری سه‌ر ناوچه‌كه.