نزیكەی 600 کەسی دیكە لە حەویجەوە دەگەنە سەنگەرەكانی پێشمەرگە

زۆربەیان ژن و منداڵ لە دەستی چەكدارانی داعش ھەڵاتوون

K24 - ھەولێر

لە حەویجەوە نزیکەی 600 کەس خۆیان گەیاندە سنوورەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ھێزەکانی پێشمەرگە لە کەرکووک.

بە گوێرەی زانیارییەكان زۆربەی ئەو کەسانە کە منداڵ و ئافرەتن لە حەویجەوە لە دەست چەکدارانی داعش ھەڵاتوون و لە میحوەری مەکتەب خالید گەیشتنە کەرکووک و لەلایەن پێشمەرگەوە پێشوازییان لێکراوە و پاشان بۆ شوێنێکی ئارام گواستراونەتەوە.

لە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ و نزیکبوونەوەی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنی حەویجە، ھاتنی ئاوارەکان لە شارۆچکەی حەویجە بۆ کەرکووک بە رێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و رۆژانە چەندین خێزان خۆیان دەگەیەننە سنوورەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە لە کەرکووک.