هۆكارى "ره‌شى" ده‌موچاوى براكه‌ى سه‌روين ئاشكرا ده‌كرێت

راستييه‌كان ئاشكرا ده‌بن
kurdistan24.net

K24 – هه‌ولێر:

دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتێكی كوردستان24 وەك بەدواداچوون بۆ رووداوی سوتانی كچێك بەناوی سەروین نۆبەدار لە شارەدێی بلێ، برای سەروین، (بارزان نۆبەدار) كە لەكاتی رووداوەكە دەمووچاوی سوتاوە قسەی بۆ كوردستان24 كرد و دەمووچاوی بە دەرمانێكی رەش داپۆشرابوو، ئەم دەرمانە رەشە بووەتە گومان لای ھەندێك لە بینەران، پەیامنێری كوردستان24 كە سەردانی ماڵی سەروینی كردووە روونكردنەوەی زیاتر لەسەر ئەو دەرمانە رەشەی دەمووچاوی براكەی دەدات.

پەیامنێری كوردستان24 لەبارەی ئەو دەرمانە رەشەی بە دەمووچاوی بارزان نۆبەدار برای سەروینه‌وه‌يه‌ دەڵێت: "ئەوكاتەی بە مەبەستی بەدواداچوون سەردانی ماڵی سەروینمان كرد و كە بینینم براكەی دەمووچاوی رەش بوو، یەكەم پرسیار پێم گوت "ئەو دەرمانە رەشەی بە دەمووچاوتەوەیە چییە" لە وەڵامدا گوتی: "دەمووچاوم سوتاوە و دەرمانی كوردەوارییان بۆم بەكارھێناوە كە لەناوچەكەی ئێمە زۆربەی خەڵك بۆ حاڵەتی سوتان و شكان دەرمانی كوردەواری بەكار دەھێنن و گەلێك جاریش لەناوچەكانی دیكە خەڵك بۆ چارەسەری سوتان و شكان بە دەرمانی كوردەواری دێنە ناوچەكەمان".

پەیامنێرمان ئەوەشی خستەڕوو: "لە بە دواداچوونی ئێمەدا ئەوەمان بۆ دەركەوت كە خەڵكی ناوچەكە لە دێر زەمانەوە زیاتر پشت بە دەرمانی گیایی و رووەكی دەبەستن بۆ چارەسەری شكان و سوتان، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ناوچەكە چەندین گژ و گیای بەسوودی لێیە و خەڵكی ناوچەكەش بەردەوام ئەو جۆرە گژ و گیایانە بۆ چارەسەر بەكار دەھێنن".