رێبوار تاڵەبانی: داعش لە حەویجە مەترسی زۆری بۆ سەر رەوشی ئەمنی كەركووك ھەیە

"خەڵكی خوارووی كەركووك ئومێدی زۆریان بە پێشمەرگەیە لە دەستی داعش رزگاریان بكەن"
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك رایگەیاند، داعش لە حەویجە مەترسیەکی زۆری لەسەر رەوشی ئەمنی کەرکووک ھەیە، حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش خەڵکی لە مەترسیەکانی داعش لە خوارووی کەرکووک نیگەرانتر کردووە.

رێبوار تاڵەبانی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژ بە کوردستان24 راگەیاند: "نایشارینەوە تا ئێستا مەترسی لەسەر كەركووك ماوە، چونكە حكوومەتی عێراق نیگەرانی دروستكردووە، لەلای خەڵك كە تا ئێستا حەویجە و دەوروبەری داعشی تێدا ماوە، نازانرێت ئەوە تاكتیكی سەربازی سیاسییە یاخود مەرامێكی سیاسی پێچەوانەیە كە ئەیانەوێت خەڵكی كەركووك لە دڵەڕاوكێی بەردەوام دابێت".

گوتیشی: "حاڵەتێكی خراپی مرۆیی ھەیە لەو ناوچانەی لە ژێردەستی داعش رزگار نەكراون لە خوارووی كەركووك، ھیوایان ئەوەیە حكوومەتی عێراق فریایان بكەوێت و ئومێدی زۆریشیان بە پێشمەرگە ھەیە كە بتوانن ئەوانیش وەك خەڵكی ناوچەكانی دیكە رزگار بكەن".