پەرلەمانتارێكی كورد سكاڵا دژی سەرۆك كۆماری ئێران تۆمار دەكات

"خەڵكی سنوورەكان بێكار دەكرێت و ھێزە سنوور پارێزەكان كۆڵبەران دەكوژن"
kurdistan24.net

K24 – تاران

پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی ئێران لەسەر كوشتنی كۆڵبەر و دۆخی نالەباری ناوچە سنوورییەكانی خەڵكی رۆژھەڵاتی كوردستان، سكاڵا دژی حەسەن روحانی سەرۆك كۆماری ئێران تۆمار دەكات.

شەھاب نادری نوێنەری پاوەو سەلاسی باوەجان لە پەرلەمانی ئێران بە كوردستان24 گوت: "خەڵكی سەرسنوور بەھۆی بێكاری كۆڵبەری دەكەن، گوزەرانیان ناخۆشە و ناچارن كۆڵبەری بكەن".

بە گوتەی ئەو پەرلەامنتارە كوردە كە سكاڵای دژی سەرۆك كۆماری ئێران تۆماركردووە ھەفتەی رابردوو كۆڵبەرێكی دیكە لەسنوورەكەیان بەفیشەكی راستەوخۆ ھێزە ئینتزامییەكان كوژراوە، ئەو دەڵێ، ھێزە سنوورپارێزەكان شارەزای یاسای تەقەكردن نین و ھەموو فیشەكەكان لەسەرو سینگی كۆڵبەران دەدەن، كەسێكیان لەسەر سنوور كوشتووە كە قاچاغچیش نەبووە و تەنانەت خۆشی رادەست كردووە، بەڵام ھەر تەقەیان لێكردووە".

شەھاب نادری حەسەن ئەوە دەخاتەڕوو، حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران دەبێ وەڵامی ھەموو ئەو پرسیارانە بداتەوە، ھەر بۆیە سكاڵای لەسەر تۆمار كردووە.

ئەو پەرلەمانتارە كوردە دەشڵێت: "نابێ بە پاساوی ئاسایشی سنوورەكان رێگە لەبژێوی خەڵك بگیرێت، خەڵكی ھەژارو نەدارو برسی دەبێ ژیانی بۆ دابین بكرێت، نەك بەفیشەكی راستەوخۆی ھێزە ئینتزامییەكان بكوژرێت".