جیهان به ترسه‌وه پێشوازی له ساڵی نوێ ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
جیهان به وریاییه‌وه خۆی بۆ ئاهه‌نگه‌كانی سه‌ری ساڵی نوێ ئاماده‌كردووه،ئه‌مڕۆ شه‌ممه دوایین رۆژی ساڵی 2016 یه و دانیشتوانی سه‌ر رووی زه‌مین، شه‌وێكی درێژ به ئاهه‌نگ و چالاكی جۆراوجۆر به‌رێ ده‌كه‌ن،تا ئه‌و ساته‌ی پێده‌نێنه یه‌كه‌م چركه‌ساته‌كانی ساڵی تازه‌وه.
به‌ڵام هاوشانی ئه‌و ئاماده‌كارییانه‌ی دانیشتوانی سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه، ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی وڵاتانی جیهان رێوشوێنی ئه‌منی توندیان گرتووه‌ته‌به‌ر و مه‌ترسی دووباره بوونه‌وه‌ی رووداوه خوێناوییه‌كانی رابردوو،ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی له‌م شه‌ودا هێناوه‌ته سه‌ر شه‌قام و كوچه و كۆڵانه‌كان.
واگادۆگوا و ئیستانبوڵ و ئۆرلاندۆ و برۆكسل و به‌غدا و و شوێنه‌كانی دیكه،لیستێكی درێژبوون كه له ساڵی 2016دا له لایه‌ن توندڕه‌وه‌كانه‌وه كرانه ئامانج و هێرشیانكرایه سه‌ر.
ته‌قینه‌وه له بازاڕی سینه‌ك له به‌غدای پایته‌ختی عێراق 31/12/2016
هه‌ر ئه‌مڕۆ به دوو ته‌قینه‌وه‌ی خوێناوی دواین رۆژی ساڵی 2016 ی به‌غدا خوێناوی كرا و 21 كه‌س كوژران و نزیكه‌ی 50 كه‌س برینداركرا،ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كه بۆ به ئامانجگرتنی ئه‌م شاره له كۆتایی ساڵ و پێشوازی سالی نوێ‌دا.
قوربانیانی رووداوی خۆپێداكێشانی بارهه‌ڵگرێك به ئاهه‌نگگێرانی رۆژی سه‌ربه‌خۆیی فه‌ڕه‌نسا له شاری نیس 14/7/2016
له 2016 دا شاری نیسی فه‌ڕه‌نسی 86 كه‌س و له به‌رلین 12 كه‌س به‌هۆی خۆپێداكێشانی بارهه‌ڵگره‌وه كوژران،ئه‌و كه‌سانه‌ش له كاتی ئاهه‌نگێڕانی رۆژی نیشتیمانی فه‌ڕه‌نسی و ئاماده‌كارییه‌كانی كریسمس و سه‌ری ساڵی نوێ‌دا بوون كه كرانه ئامانج.
كوالالامپوور_مالیزیا
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌وانه،ئێواره‌ی شه‌ممه،گردبوونه‌وه و قه‌ره‌باڵغی له شه‌قامه‌كانی وڵاتانی ئاسیا و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌فریقا و ئه‌وروپا و دوای ئه‌وانیش كیشوه‌ری ئه‌مریكی بۆ پێشوازی له ساڵی تازه ده‌بینرێت،هه‌رچه‌نده ساڵی نوێ له‌گه‌ڵ خۆیدا ناڕوونی سیاسی گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵگرتووه.
به‌هۆی جیاوازی كات،سیدنی له كاتژمێر14:00 (13:00 به كاتی گرینچ) یه‌كه‌م گه‌وره شاری جیهانه كه ئاهه‌نگ و یارییه ئاگرینه‌كان بۆ ماوه‌ی 12 خوله‌ك له كه‌نداوه به ناوبانگه‌كه‌ی بۆ پێشوازی ساڵی نوێ هه‌ڵده‌دات.
سیدنی-ئوسترالیا
به‌ڵام ئوسترالیا له پێشه‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌دایه كه دژی داعش ده‌جه‌نگێت،هه‌ر بۆیه بێ ترس له كاردانه‌وه‌ی توندڕه‌وه‌كان دانه‌نیشتووه و خه‌ڵكی ئاهه‌نگگێڕانی نه‌داوه‌ته ده‌م گورگه وێڵه‌كانی داعش،ده‌سه‌ڵاتداران پاش ده‌ستگیركردنی كه‌سێك كه هه‌فته‌ی پێشوو هه‌ڕه‌شه‌ی له ئاهه‌نگه‌كانی سه‌ری ساڵ كردبوو،2000 پۆلیسیان له‌و شاره بڵاوكردووه‌ته‌وه،ئه‌وه‌شیان راگه‌یاندبوو پیلانێكی تیرۆریستیان پوچه‌ڵكردووه‌ته‌وه كه ده‌یویست ئاهه‌نگه‌كانی سه‌ری ساڵ له مێلبۆرن بكاته ئامانج.
ته‌نانه‌ت سه‌رۆكی وێلزی باشووری ئوسترالی(ماید بێرد) رایگه‌یاند" هانی هه‌مووان ده‌ده‌م شه‌وی سه‌ری ساڵ كاتێكی خۆش بگوزه‌رێنن،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پۆلیس هه‌موو هه‌وڵێكی بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایشیان گرتووه‌ته‌به‌ر"،چونكه ئه‌و خه‌ڵكه‌ی بۆ ئاهه‌نگگێڕان له شاری سیدنی كۆده‌بنه‌وه ژماره‌یان به زیاتر له ملیۆن و نیوێك كه‌س مه‌زه‌نده ده‌كرێت".
فلیپین
له هه‌موو كیشوه‌ره‌كان،ئاسایش كرۆكی بایه‌خپێدانه،ده‌سه‌ڵاتدارانی جاكارتای پایته‌ختی ئیندۆنیزیا رایانگه‌یاند" پیلانی گروپێكی سه‌ر به رێكخراوی داعشیان پوچه‌ڵكردووه‌ته‌وه،ده‌یانویست شه‌وی جه‌ژنی له دایكبوون كرده‌ی تیرۆریستی ئه‌نجام بده‌ن"،چونكه له‌م رۆژانه‌ی دواییدا له وڵاتی فلیپین به‌هۆی هێرشی توندڕه‌وه‌كانه‌وه ده‌یان كه‌س كوژرابوون.
لای خۆشییه‌وه ئیسرائیل رۆژی هه‌ینی له‌باره‌ی بوونی مه‌ترسی نزیك و روودانی هێرش و په‌لاماردانی گه‌شتیارانی وڵاته‌كه‌ی به تایبه‌تی له هیندستان هۆشداریدابوو".
تایمز سكوێر له نیویۆرك
له نیویۆرك ده‌سه‌ڵاتداران 165 بارهه‌ڵگر له نێویاندا ئۆتۆمبێلی پاككه‌ره‌وه‌ی له شوێنه گرنگ و ستراتیژییه‌كان داناوه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و كاته‌ی بارهه‌ڵگرێك یان ئۆتۆمبێلێك ویستی هێرش بكات،ئه‌مان زوو به‌رپه‌رچی بده‌نه‌وه و به‌ره‌و رووی برۆن و خۆیان به‌و ئۆتۆمبێله هێرشبه‌ره‌دا بكێشن،به تایبه‌تی له ده‌وروبه‌ری مه‌یدانی "تایمز سكوێر" كه شوینێكه پێشبینی ده‌كرێت زۆرترین قه‌ره‌باڵغی تێدا ببینرێت و زیاتر له ملیۆنێك كه‌س له‌و شوێنه‌دا كۆببنه‌وه و ئاهه‌نگی ئاسایی پێشوازی ساڵی نوێی تێدا به‌رێوه‌بچێت.
به‌رلین
له به‌رلین ده‌سه‌ڵاتداران دیواری كۆنكریتی و بارهه‌ڵگریان له‌سه‌ر رێگه سه‌ره‌كیه‌كانی چوون بۆ ده‌روازه‌ی(براندبۆرگ) داناوه، له كۆڵن ده‌سه‌ڵاتداران ژماره‌ی پۆلیسیان زیادكردووه و به شه‌قامه‌كاندا بڵاویانكردوونه‌ته‌وه،دوای ساڵێك له ئه‌نجامدانی ده‌ستدرێژی سێكسی له شاره‌كه كه دانیشتوانه‌كه‌ی دووچاری شۆك كردبوو.
ڤاتیكان-رۆما
له رۆمای پایته‌ختی ئیتالیا ئاماده‌كاری و رێوشوێنی ئاسایشی توند گیراوه‌ته‌به‌ر، به تایبه‌تی له مه‌یدانی(بتروسی پیرۆز) كه پاپا فره‌نسیس رێوره‌سمی ئاینی نیوه‌شه‌وی تێدا به‌ریوه‌ده‌بات.
شه‌قامی شانزیلیزییه پاریسی پایته‌ختی فه‌ڕه‌نسا
به‌ڵام له پاریس كه رووداوی ترسناكی له 13/11/2016 تێدا روویدا، كه‌ش و هه‌وای دڵخۆشی و ئاهه‌نگ ئامێزی بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت نزیكه‌ی نیو ملیۆن كه‌س ئیواره‌ی ئه‌مرۆ له شه‌قامی (شانزیلیزییه) كۆببنه‌وه،به‌ڵام ئه‌وانیش بی خه‌م نین و رێوشوێنی توندی ئه‌منی گیراوه‌ته‌به‌ر،چونكه ئه‌و وڵاته له حاڵه‌تی باری نائاسایدا ده‌ژی و یه‌كێكه له ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانی توندره‌وه‌كان و پێشتر باجی زۆری له‌و رێگه‌یه‌دا داوه،هه‌ر بۆیه نزیكه‌ی 100 هه‌زار پۆلیس و سه‌رباز و هێزی تایبه‌تی له ته‌واوی فه‌ره‌نسادا، بۆ پێشوازی ساڵی نوێ ئێشكگرن.
ریۆدیۆجانیرۆ-به‌رازیل
چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له رۆدیۆجانیرۆی وڵاتی به‌رازیل نزیكه‌ی دوو ملیۆن كه‌س له كه‌نار ده‌ریای كوباكابانا كۆببنه‌وه، به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانی دارایی وڵات،ماوه‌ی ته‌قاندنی یارییه ئاگرینه‌كان له 16 خوله‌كه‌وه بۆ 12 خوله‌ك كه‌مكراوه‌ته‌وه،چونكه ئه‌مه ئه‌و شاره‌یه تا ئێستا به به‌رده‌وامی به‌ده‌ست تێچووی میوانداریكردنی جامی جیهانی تۆپی پێی ساڵی 2014 و ئۆڵۆمپیادی پاش ئه‌و ده‌ناڵێنێت".
كیشوه‌ری ئه‌مریكی دواین ناوچه‌یه ساڵی نوێ ده‌بینێت،ئه‌و كیشوه‌ره‌ی له‌و ساڵه‌دا چوونه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دۆناڵد تره‌مپ بۆ كۆشكی سپی تێدا ده‌بینرێت،ئه‌و سه‌رۆكه نوێیه‌ی هیچ كه‌س له 31/12/2015 پێشبینی نه‌ده‌كرد ساڵی 2017 بچێته ناو ئه‌و كۆشكه‌وه.
ساڵی نوێ زۆر شتی شاره‌وه و ناروون و پرسیاری ده‌رباره‌ی ململانێ درێژه‌كانی سووریا پاش 6 ساڵ و ئارامبوونه‌وه‌ی ئێستای به‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی دوای ده‌ستپێكردنی ئاگربه‌ست به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنی رووسی و توركی له خۆگرتووه.
ئه‌و پرسیارانه یه‌خه‌ی ئه‌وروپییه‌كانیشی گرتووه ده‌رباره‌ی جێبه‌جێكردنی مه‌رجه‌كانی چوونه ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا له یه‌كێتی ئه‌وروپا و هه‌ڵبژاردنی جێگره‌وه‌ی فرانسوا ئۆلاندی سه‌رۆكی ئێستای فه‌ڕه‌نسا.
به‌ڵام ئاهه‌نگگێرانی ساڵی نوێ زیاتر سوود له دوا خوله‌ك وه‌رده‌گرن پێش ئه‌وه‌ی پێبنێنه ساڵی نوێوه، له به‌ر ئه‌وه‌ی له كاتژمێر 23:59 تا كاتژمێر00:00 ئه‌و كاته‌یه كه زۆرترین مرۆڤی سه‌ر رووی زه‌وی خواست و ئاواته‌كانی نێو دڵیان ده‌رده‌بڕین.
شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان
بۆ كورد هاتنی سالی نوێ بێ خۆزگه و ئومێد نییه،چونكه گه‌لی كوردستان سالێكی درێژی خوێناوی له شه‌ڕ دژی داعش برده‌سه‌ر و هه‌ر له‌و ساڵه‌شدا توانی نزیكه‌ی ته‌واوی رووبه‌ری خاكه‌كه‌ی له ده‌ست چه‌كدارانی داعش ده‌ربهێنێت،هه‌ر چه‌نده ده‌سه‌لاتی خۆجێی شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان به فه‌رمی شوێنێكیان بۆ ئاهه‌نگگێڕانی پێشوازی ساڵی نوێ دیارینه‌كردووه، به‌ڵام خه‌ڵكی به شێوازی جیاواز ئه‌مڕۆ دواین رۆژی ساڵی 2017 به‌ری ده‌كه‌ن و سه‌ره‌ڕای قه‌یرانێكی قوڵی دارایی چه‌ند ساڵه،ژماره‌یه‌كیان شه‌و له شوێنه تایبه‌ت و رێستۆرانه‌كاندا به‌هسه‌ر ده‌به‌ن،خواستی كورد بۆ ساڵی نوێ له‌وانه‌یه زۆر و جیاوازبن، به‌ڵام ساڵ دێت و ده‌ڕوات و پێشتر زۆرینه‌ی خه‌ڵكی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه ئاواتی سه‌ره‌كییان بۆ ساڵی نوێ بینینی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان بووه.