ژمارەی قوربانیانی ساڵی 2016 لە عێراق ئاشكرا دەكرێت
K24 - ھەولێر
بە گوێرەی ئاماری نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ھاوكاریكردنی عێراق (یونامی) لە ساڵی 2016، زیاتر لە 19 ھەزار ھاووڵاتی سڤیل، بەھۆی كردەوە تیرۆری و توندوتیژی و شەڕەوە بوونەتە قوربانی.
بەپێی ئاماری یونامی كە وێنەیەكی دەست كوردستان24 كەوتووە، لە ساڵی 2016 لە ئەنجامی کردەوە توندوتیژی و تیرۆرستی و پێکدادانی چەکداری 6 ھەزار و 878 ھاووڵاتی كوژراون و 12 ھەزار و 388 كەسی دیكەش برینداربوونە.
یونامی راشیگەیاندووە، ئەو ئامارە ژمارەی قوربانیانی مەدەنی لە پارێزگای ئەنبار لە مانگەکانی ئایار و تەموز و ئاب و کانونی یەکەم ناگرێتەوە.
لە ئامارەكەدا روونیكردووەتەوە، لە مانگی کانونی یەکەمی 2016 دا، 386 ھاووڵاتی عێراقی کوژراون و ھەزارو 66 کەسی دیکەش برینداربوون.
ئاماژە بۆ ئەوەكراوە، ژمارەی کوژراوانی مەدەنی لە مانگی تشرینی یەکەم 385 کەسە وھیچیان پۆلیس نین، بریندارە مەدەنیەکانیش ژمارەیان ھەزار و 60 کەسە ھەموویان ھاووڵاتی سڤیلن.
ئامارەکانی ئەم مانگە دەریدەخات پارێزگای نەینەوا خوێناویترین پارێزگا بووە بە 719 قوربانی سڤیل كە 208 کوژراو و 511 كەسیش بریندار بوونە لە دوای نەینەوا بەغدا دێت بە 109 کوژراو و 523 بریندار، دواتر پارێزگای کەرکوک بە 64 کوژراو و 27 بریندار.
یونامی ئەوەشی خستوەتەڕوو، نەیتوانیوە ژمارەی قوربانیانی مەدەنی لە پارێزگای ئەنبار وەدەست بھێنێت.
نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق یان کۆبیش رایگەیاند: "ھەرچەندە ژمارەی قوربانیان لە ریزی ھاووڵاتیانی مەدەنی لەم مانگەدا کەمتر بوو لە مانگەکانی دیكە، بەڵام ئێمە تێبینی زیادبوونی ژمارەی تەقینەوە تیرۆرستیەکان دەکەین کە ھاووڵاتیانی سڤیل کردوەتە ئامانج لە کۆتاییەکانی مانگ و لە چەند رۆژی رابردوودا".
گوتیشی: "ئەوەی روودەدات ھەوڵی رێکخراوی داعشە بۆ شاردنەوەی شکستەکانی لە موسڵ و نەینەوا و ئەوەی جێگای داخیشە خەڵکی سڤیلی بێتاوان باجەکەی دەدەن".