ته‌رمی سێیه‌م كوژراوی رووداوه‌كه‌ی ئیستانبول گه‌یشته‌وه فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر
K24 - هه‌ولێر:
بڵند سیروان پزیشكه ده‌رمانسازه‌كه، ئه‌مجاره جیاواز له جارانی ڕابردوو گه‌ڕایه‌وه ماڵه‌كه‌ی، جاران بزه و خه‌نده‌ی ده‌خسته سه‌ر لێوی كه‌س و كاری، به‌ڵام ئه‌مجاره شین و گریان.
بڵند سیروان، پزیشكێكی ده‌رمانسازه و خێزاندار و خاوه‌نی دوومنداڵه، كاری بازرگانی كردووه و ده‌رمانی له وڵاتی توركیا هێناوه‌ته هه‌رێمی كوردستان، له ڕووداوی ته‌قه‌كردنه‌كه‌ی شه‌وی سه‌ری ساڵ له وڵاتی توركیا ده‌بێته قوربانی و ده‌م ده‌ست گیان له‌ده‌ستده‌دات.
له رووداوی ته‌قه‌كردنه‌كه‌ی یانه شه‌وانه‌كه‌ی شه‌وی سه‌ر ساڵ له شاری ئیستانبولی توركیا، 3 هاوولاتی كورد كوژران و 3 دیكه‌ش بریندرابوون، كه‌س و كاری ئه‌م پزیشكه‌ش ده‌ڵێن، كوره‌كه‌مان قوربانی ده‌ستی تیرۆره.
ئه‌م پزیشكه زانكۆی له وڵاتی توركیا ته‌واو كردووه، بۆیه هه‌میشه بۆ هێنانی ده‌رمان ڕووی له‌م وڵاته كردووه. ئێستاش هاورێكانی خه‌مبار و دڵگرانن.
له‌شه‌وی سه‌ری ساڵ چه‌كدارێك هێرشی كرده سه‌ر یانه‌یه‌كی شه‌وانه‌ی شاری ئیستانبولی توركیا و ده‌ستدڕێژی گوللـه‌ی له ئاماده‌بووانی یانه‌كه كرد، له رووداوه‌كه‌شدا 39 كه‌س كوژران و 69 كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.