كەسوكاری ئەنفالكراوانی گەرمیان تراژیدیاكانی سوپای عێراق دەگێڕنەوە

"ھەركەسێك یادی ئەو سوپایە بكاتەوە وەك ئەوان دیكتاتۆرە"
kurdistan24.net

K24 - گەرمیان

لەساڵیادی دامەزراندنی سوپای عێراق کەسوکاری ئەنفالکراوەکانی گەرمیان کە زۆرترین تاوانیان لەلاین سوپاکەی سەدام حوسێنی سەرۆکی لە سێدارەدراوی عێراقوە بەرامبەرکراوە، چیرۆکە تراژیدیاكانی ئەوساتانە بۆکوردستان24 دەگێڕنەوە کە چۆن ئەوسوپایە کەسوکاری ئەنفال کردوون وگوندەکانیانی خاپورکردووە.

ھاووڵاتیەكی ناوچەی گەرمیان بەناوی جەبار عەلی كە كەسوكاری لەلایەن سوپای عێراق لە سەردەمی رژێمی بەعس ئەنفالكراون دەڵێ: "ئەو سوپایە ئەنفالی كردین و كیمیابارانی كردین، ھەر كوردێك یادی ئەو سوپایە بكاتەوە وەك ئەوان دیكتاتۆرە".

پورە خاوەر حەمید، یەكێكە لە رزگاربووەكانی شاڵاوی ئەنفال، كە زۆربەی كەسوكاری لەلایەن رژێمی بەعسی عێەاق بێسەروشوێن كراون، ئەو چیرۆكەكانی ئەنفال دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "ئەو كاتەی سوپای عێراق ھاتە نێو ئاواییەكەمان، ئاگری بەردایە گشت خانووەكانمان و خەڵكی ئاوایی كۆكردەوە، ھەركەس توانی خۆیی دەرباز بكات ئەوانی دیكەش ھەموویان تیاچوون".

سوپای عێراق له‌ 6 كانوونی دووه‌می 1921 له‌ سه‌ر ده‌ستی به‌ریتانییه‌كان دامه‌زرا، هه‌رچه‌نده‌ له‌ 2003  له‌ شه‌ڕی ئازادی عێراق له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی تێكشكێنراو هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌، جارێكی دیكه‌ له‌ ژێر ناوی سوپایه‌ك بۆ پارێزگاری گه‌لانی عێراق رێكخرایه‌وه‌، به‌ڵام ئێستاشی له‌گه‌ڵ دابێت،‌ گه‌لی كوردستان هیچ متمانه‌یه‌كی به‌ سوپای عێراق نییه‌ و هه‌میشه‌ش به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌زانێت.