ژاپۆن کونسوڵخانەی خۆی لە هەولێر دەکاته‌وه
K24 – هه‌ولێر
وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ژاپۆن کێنتارۆ سونۆرا رایگه‌یاند ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لەهەولێر دەکرێتەوە.
به‌پێی هه‌واڵێكی ماڵپه‌ری سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، ھەواڵی كردنه‌وه‌ی كونسوڵخانه‌ی ژاپۆن له میانه‌ی سه‌ردانێكی وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی ژاپۆن بۆ لای سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌نرا كه ژاپۆن ده‌یه‌وێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرە پێ بدات و له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا کاتسۆمی مۆریاسۆی وەک کونسوڵی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان بە سەرۆک بارزانی ناسێنرا.
وه‌زیره‌كه‌ی ژاپۆن ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ هاوکاریی کردنی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا پیشاندا، بە تایبەتیش لە پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنییەکانی پاشماوەی شەڕ، پەرەپێدانی ئابووری، پیشەسازی و تەندروستی.
سه‌رۆك بارزانی كردنەوەی كونسوڵخانەی ژاپۆن لە هەولێر بە هەنگاوێكی باش بۆ فراوانكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا زانی و ئامادەیی هەرێمی كوردستانیش بۆ فراوانتركردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتی ژاپۆن خسته‌ڕوو.
له باره‌ی شه‌ڕی دژی تیرۆر، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گوتی: ئەگەرچی داعش لە داڕووخان و شکستی گەورە دایە، بەڵام ئەوە مانای وانییە تێکشکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لەڕووی سەربازییەوە دەبێتە کوتاییهاتنی تیرۆر و توندڕۆیی، چونکە رەنگە بەناوی جیا و شێوازی جیاواز دەربکەونەوە. بۆیە پێویستە هەماهەنگی و هاوکارییەکی هەمەلایەنە هەبێت بۆ لەناوبردنی تیرۆر و توندڕۆیی، نەک هەر تەنیا لە رووی سەربازییه‌وه، بەڵکوو لە هەموو ئاستەکاندا".
JS