ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی له سلێمانی هۆشداری ده‌دات
K24 - هه‌ولێر:
گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان له سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه، له راگه‌یه‌ندراوێكدا، ئاماژه به‌وه ده‌كات له پشتی ده‌رگا داخراوه‌كانی لایه‌نیكی سیاسی‌دا، كۆبوونه‌وه كراوه كه به‌مه‌به‌ستی ئاژاوه‌گێڕی خه‌ڵكانیك به‌ناوی خۆپیشانده‌ره‌وه بنێرنه به‌رده‌م باره‌گای ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی، یان لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان.
له به‌شێكی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، كه وێنه‌یه‌كی ده‌ست كوردستان 24 كه‌وتووه، هاتووه: "دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه كه خۆپیشاندانی ئه‌مجاره، له‌چوارچێوه‌ی خۆپیشاندان ده‌رده‌چێت و ده‌بێته پیلانێكی ئاژاوه‌گێڕی، كه له‌لایه‌ن لایه‌نێكی سیاسی ئاراسته ده‌كرێت، كه ئه‌وه‌ش به‌رژه‌وه‌ندی هیچ لایه‌كی تیادا نی یه و ئێمه‌ش ده‌خاته سه‌ر ئه‌و ڕێگه‌یه‌ی كه‌به‌چاوی خۆپیشانده‌ر و خۆپیشاندانی مه‌ده‌نی سه‌یری نه‌كه‌ین".
ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه:
جه‌ماوه‌ری خۆشه‌ویستی كوردوستان ، خه‌ڵكی تیكۆشه‌ری سلیمانی ....
پاش هه‌موو هه‌وڵه‌كانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی ( سلێمانی – هه‌ڵه‌بجه ) ی پارتی دیموكراتی كوردوستان ، له‌پێناوی چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كان و ، دوای نزیك بونه‌وه‌ی به‌رچاوی پارتی و یه‌كیتی له گفتوگۆكانی ئه‌م جاره‌دا ، ئاگادارین كه دوێنێ و ئه‌مڕۆ له پشتی ده‌رگا داخراوه‌كانی لایه‌نیكی سیاسی‌دا ، كۆبونه‌وه كراوه كه‌به‌مه‌به‌ستی ئاژاوه‌گێڕی خه‌ڵكانیك به‌ناوی خۆپیشانده‌ره‌وه بنێرنه به‌رده‌م باره‌گای ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی ، یان لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردوستان ، ئێمه هه‌موو لایه‌ك له‌م پیلانه ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه و ، له‌هه‌مان كاتیش‌دا داوا له عه‌قڵمه‌ندانی ئه‌م شاره خۆشه‌ویسته ده‌كه‌ین ، ڕێگه له بشێوی ئه‌م ده‌سته‌و تاقمه بگر‌ن ، كه به‌ئارامی كوردوستان و پێشوه‌چونی گفتوگۆكانی نێوان پارتی و یه‌كێتی خۆشحاڵ نین و ، داوا له‌ده‌زگا ئه‌منییه‌كانیش ده‌كه‌ین كه ڕێگه نه‌ده‌ن ئاژاوه له‌به‌رده‌م باره‌گاكانمان بگێڕن ، به‌پیچه‌وانه‌شه‌وه ئۆباڵی ، هه‌ر ڕوداوێك و ئه‌نجامه‌كه‌شی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆیان .
شایانی باسه به‌ڕێز سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی ، دوای دیدار‌و گوێگرتن له مامۆستایانی ناڕازی له سلیمانی ، هه‌موو هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌كی خسته گه‌ڕو ، توانی ڕه‌زامه‌ندی رێزدار ( نیچیره‌وان بارزانی ) سه‌رۆكی حكومه‌ت و ، به‌ڕێز ( قوباد تاڵه‌بانی ) جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌ده‌ست بهێنێت و ، ڕازیان بكات كه‌دیدارو گفتوگۆ له‌گه‌ڵ مامۆستایانی ناڕازی ئه‌نجام بده‌ن ، دیاره ئه‌م دیداره‌ش ڕۆژی ( پێنج شه‌ممه ) ئه‌نجام درا ، بۆیه دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه كه خۆپیشاندانی ئه‌مجاره ، له‌چوارچێوه‌ی خۆپیشاندان ده‌رده‌چێت و ، ده‌بێته پیلانێكی ئاژاوه‌گێڕی ، كه‌له‌لایه‌ن لایه‌نێكی سیاسی ئاراسته ده‌كرێت ، كه‌ئه‌وه‌ش به‌رژه‌وه‌ندی هیچ لایه‌كی تیادا نی یه و ، ئێمه‌ش ده‌خاته سه‌ر ئه‌و ڕێگه‌یه‌ی كه‌به‌چاوی خۆپیشانده‌ر و خۆپیشاندانی مه‌ده‌نی سه‌یری نه‌كه‌ین .
عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن
وته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی
پارتی دیموكراتی كوردستان له سلێمانی وهه‌ڵه‌بجه
13/1/2017