گوندێك خیار و تەماتە بۆ تەواوی پارێزگایەكی كوردستان دابین دەكات

kurdistan24.net

K24 - ئاكرێ

لە گوندی سپیمالی سنووری قەزای ئاكرێ ھاووڵاتیان لە ھەموو تەمەنێك دەستیان كردووە، بە دروستكردنی خانووی پلاستیك بە مەبەستی داچاندنی خیار و تەماتە، تا ئێستا زیاتر لە 300 خانووی پلاستیكیان دروستكردووە، جووتیارانی گوندەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن ئەگەر حكوومەت ھاوكاریان بكات خانووەكان بۆ 600 زیاد دەبێت و دەتوانن خیار و تەماتە بۆ تەواوی پارێزگای دھۆك دابین بكەن.

گوندی سپیمال لە 150 ماڵ پێكدێت، زۆربەی دانیشتوانی گوندەكە لە تەمەن و رەگەزی جیاواز خاوەنی خانووی پلاستیكی تایبەت بەخۆیانن كە بۆ داچاندنی كشتوكاڵ دروستیان كردون، وەك خۆیان دەڵێن، تا ئێستا حكوومەت ھاوكاری نەكردون، داواش دەكەن بە مەبەستی ھاوكاریكردن و ھاندانی زیاتر وەزیری كشتوكاڵ سەردانی گوندەكەیان بكات.